ئەو هاونیشتمانییەی گەشتی بۆ دوایین خاڵی زەوی کرد: هیچ پەیوەندییەکمان بە جیهانەوە نەمابوو

رووداو دیجیتاڵ

ئەو گەنجەی بەشداری گەشتەکەی دامەزراوەی رۆساتۆمی رووسی بۆ جەمسەری باکوور کرد، دەڵێت، دامەزراوەکە پلانی هەیە بۆ توێژینەوەی زانستی بێتە هەرێمی کوردستان و عێراق؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە گەشتەکەدا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و ئینتەرنێتییان بە جیهانەوە نەمابوو.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 29-08-2024) رەند ئاری، پزیشک و شارەزا لە بواری وزەی ئەتۆم لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید و نالین حەسەن پێشکێشیان کرد، لەبارەی گەشتەکەی بۆ جەمسەری باکووری گۆی زەوی رایگەیاند، ''گەشتێکی زانستی بوو کە لە ژێر سەرپەرشتیی دامەزراوەی نیشتمانیی رۆساتۆمی رووسیا ئەنجام درا.''
 
دوای ئەوەی لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ نزیکەی 20 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهانەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵی جیهانیی گەنجان لە رووسیا کرد، دامەزراوەی رۆساتۆمی رووسیا بۆ کاروباری وزە، کە یەکێک لە سپۆنسەرەکانی ئەو فێستیڤاڵە بوو، دوو هەزار گەنجی جیاکردەوە بۆ ئەوەی چەند کەسیکیان هەڵبژێرێت و گەشتی جەمسەری باکووریان پێ بکات.
 
رەند ئاری گوتی، تەنیا 15 کەس بۆ بەشداریکردن لە گەشتەکە هەڵبژێردران کە بەبۆنەی یادی 50 ساڵەی سەرکەوتنی دامەزراوەی رۆساتۆمی رووسیا رێکخرابوو.
 
بەگوتەی ئەو پزیشکە، نزیکەی 150 کەس لە گەشتەکەدا بەشداربوون، کە پێکهاتبوون لە زانایانی رووسی، کۆمەڵیک لە گەنجانی بەهرەمەندی وڵاتەکە، کارمەندانی نێو کەشتی و ئەو 15 گەنجەی هەڵبژێدرابوون.
 
رەند ئاری لە گەشتە زانستییەکەدا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نوێنەرایەتیی کوردستانی کردووە و دەڵێت، "گەشتەکە 10 رۆژی خایاند؛ بەگشتی لە رۆیشتن و گەڕانەوەدا بووین؛ زیاتر لە دەریا و لەنێو کەشتییەکی گەورەدا کاتەکانمان بەسەر دەبرد.''
 
وەک ئەو شارەزایەی وزەی ئەتۆمی ئاماژەی دا، لەو 10 رۆژەدا کۆمەڵێک چالاکیی زانستیی رۆژانەیان هەبووە، ''وەک پێشکێشکردنی سیمینار و وۆرکشۆپ لە بواری زانستیی خۆمان، بەتایبەتی ئەو زانا رووسییانەی لە بواری جەمسەری باکووردا کار دەکەن، لە بواری ئاژەڵ، کەشوهەوا و گۆڕانی کەشوهەوادا سەمینارییان پێشکێشکرد.''
 
مەبەستیان لە گەشتەکە گەیشتن بە خاڵی 90ـی گۆی زەوی بووە کە دەبێتە دوورترین خاڵی باکوور. 
 
رەند ئاری گوتی، ''لە رۆیشتنەکەماندا دوورگە بەستەڵەکەکانمان جێهێشتن تاوەکو گەیشتینە خاڵی 90، بەڵام لەوێشەوە هەر دەتوانی بەردەوام بی و لە رێگەی شکانی سەهۆڵەوە دەگەی بەو وڵاتانەی کە دەکەونە ئەودیو خاڵی 90ـی گۆی زەوی [کەنەدا، نەرویج و دانیمارک]."

 

 
وەک ئەو پزیشکە دەڵیت، ژمارەیەک لە وڵاتان لە دوورگە بەستەڵەکەکاندا بەپێی جوگرافیای خۆیان، ناوەندی توێژینەوەی زانستییان داناوە و کاریان تێدا دەکەن.
 
لە جەمسەری باکووری گۆی زەوی ئینتەرنێت و مۆبایل کارناکات. رەند ئاری گوتی، "بۆ 10 رۆژ هیچ پەیوەندییەکمان بە جیهانەوە نەبوو؛ نە پەیوەندیی تەلەفۆنی و نە پەیوەندیی ئینتەرنێت. لە سەرەتاوە قورس بوو، بەڵام دواتر راهاتین و بەبێ مۆبایل هەستمان بە وزەیەکی جیاواز دەکرد و مێشکمان ئاسوودەتر بوو.''
 
ئەو هاونیشتمانییەی خەڵکی سلێمانی بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداریی لە گەشتەکەدا کردبوو و دەڵێت، ''وەک پرۆگرامی گەشتەکەمان دەبووایە لەسەر وڵاتی خۆمان سەمینارێک پێشکێش بکەین، منیش سمینارێکم لەسەر کوردستان و شاری سلێمانی لە رووی هەڵکەوتەی جوگرافی، کەشوهەوای چوار وەرزە، کولتوور، جلوبەرگ و خواردنە بەناوبانگەکان پێشکێشکرد.'' 
 
بەگوتەی رەند ئاری، ''زانایانی رووسی و بەشداربووانی گەشتەکە زۆر شارەزای کوردستان نەبوون و وایان بیر دەکردەوە کە کوردستانیش وەک وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر گەرم و بیابانە و چوار وەرزە نییە، بۆیە بانگهێشتی سەرجەمیانم کرد سەردانی کوردستان بکەن.''
 
وەک ئەو پزیشکە گوتی، ئامانجی دامەزراوەی رۆساتۆم لە گەشتەکە ناساندنی زیاتری کاروباری دامەزراوەکەیە بە جیهانی دەرەوە کە ''زیاتر لە بواری وزەی پاکدا کار دەکەن، وەکو وزەی با، تۆڕباینی بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها وزەی ئەتۆمی.''
 
گەشتی دامەزراوەکە بۆ خاڵی 90ـی گۆی زەوی لە رێگەی کەشتییەکەوە بووە کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات. رەند ئاری ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی حەوت کەشتین کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکەن، ئەرکیان کردنەوەی رێگەی ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی رووسیایە کە بەرەو وڵاتانی دیکە دەچن، هەروەها بردنی زانایانیشە بۆ جەمسەری باکووری گۆی زەوی بۆ توێژینەوەی زانستی.
 
وەک ئەو پزیشکە ئاماژەی دا، دامەزراوەکە پلانی هەیە لە داهاتوودا گەشت بکاتەوە، ''بەڵام هێشتا میکانیزمی وەرگرتنی کەسانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پڕۆژەیە دیار نییە.''
 
ئەو دامەزراوەیە لە چەندین وڵاتی دیکە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقاش کار دەکات. بەگوتەی رەند ئاری، ''لەو وڵاتانەی بەلایانەوە گرنگ بوون بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتری لەسەر وەربگرن، هەرێمی کوردستان و عێراق بوون.''
 
ئەو شارەزایەی وزەی ئەتۆم گوتیشی، ''لە داهاتوودا پلانمان باسکردنی زیاتر دەبێت لەسەر کوردستان و عێراق، هەروەها سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لە رێگەی ئەو کەناڵە پەیوەندییانەوە کە دروست دەکرێن بۆ ئەوەی [دامەزراوەکە] بزانێت چەندە دەتوانێت بێتە ئێرە [هەرێمی کوردستان] و پڕۆژەکانی لە بواری وزەدا جێبەجێ بکات.''
 
دامەزراوەکە بەشێکی نێودەوڵەتی هەیە و بۆ ئەنجامی هەر پڕۆژەیەک، بەشی نێودەوڵەتی لە رێگەی نوێنەرایەتییەوە کە لە وڵاتان هەیانە، دەست بە توێژینەوە و گفتوگۆ دەکات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. رەند ئاری گوتی، ''مەرج نییە لە سەرەتاوە توێژینەوەکانیان لەسەر وزەی ئەتۆم بێت، بەڵکو دەشێت لەسەر وزەی پاک  بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.''