ئەڵمانیا گەورەترین کارگەی دروستکردنی چەک لە ئەورووپا دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لە شارۆچکەی ئانتەرلوێس لە هەرێمی ساکسۆنیای خواروو لە ئەڵمانیا، کۆمپانیای راینمێتاڵ کە کۆمپانیایەکی گەورەی بەرهەمێنەری چەکە، گەورەترین کارگەی کردەوە.
 
رووبەری کۆمپانیاکە پێنج هێندەی یاریگەیەکی تۆپی پێیە و توانای هەیە لە ساڵێکدا 350 هەزار گوللـەتۆپ بەرهەمبهێنێت.
 
بۆریس پیس تۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، "تەنیا 18 مانگ دوای ئەوەی پێکەوە دەستمان بە پڕۆژەکە کرد، بڕێکی بەرچاوی چەک لێرە بەرهەم دەهێنرێت و بە نیازین لە ماوەیەکی کەمدا ئەم ژمارەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن، ئەمە شتێکی سەرنجراکێشە و پەیامێکی بەهێز دەنێرێت... پەیامێکی بەهێز کە ئێمە لێرە لە ئەڵمانیا ئاسایشی دابینکردنی چەکمان زیاد دەکەین."
 
سکرتێری گشتیی ناتۆ کە لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەکەدا ئامادەبوو، ئەم هەنگاوەی بە "گرنگ" بۆ ئاسایشی ئەورووپا و رێگەگرتن لە جەنگێکی دیکەی هاوشێوەی ئۆکراینا ناوبرد. 
 
کارگەکە لەگەڵ رۆمانیا و بولگاریاش رێککەوتنێکی واژۆ کردووە... لە رۆمانیا بارووت و لە بولگاریاش گوللـەی 155 ملیمی دروست دەکات کە کۆی گشتیی وەبەرهێنانەکە بایی زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆیە.
 
ئەو هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی، ئەندامانی ناتۆ رێککەوتوون تاوەکو ساڵی 2035، خەرجییەکانی بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی بەرگری و خەرجییە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایش لە 2 بۆ 5٪ بەرز بکەنەوە. 
 
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، "لە سەرتاسەری هاوپەیمانێتییەکەدا، ئێمە هێڵەکانی بەرهەمهێنانی ئێستامان فراوانتر کردووە و زۆر هێڵی نوێمان کردووەتەوە، وەک ئەمەی ئێرە لە ئانتەرلوێس. ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی خۆمان و هەروەها بۆ بەردەوامیدان بە پشتگیریکردنی ئۆکراینا لە شەڕەکەیدا لە ئێستا و بۆ رێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک لە داهاتوودا."
 
کردنەوەی ئەم کارگەیە جدییەتی ئەورووپا بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی خۆی نیشان دەدات بۆ ئەوەی زیاتر لەم رووەوە پشت بە خۆی ببەستێت.
 
هاوکات لەگەڵ ئەوەدا ئیدارەی ترەمپیش هۆشداریی داوە، ئەگەر وڵاتان پارەی پێویست لە بەرگری و پاراستنی خۆیان خەرج نەکەن، ئەویش لە پشتگیریکردنیان دەوەستێت، ئەوەش رەنگە ئاڵنگارییەکی گەورە لەبەردەم هاوپەیمانی ناتۆ دروست بکات، چونکە ئەمریکا بە تەنیا 64٪ـی تەواوی بودجەی بەرگریی ناتۆ تەرخان دەکات.