مادورۆ: ئەمریکا هەرگیز ناتوانێت ڤەنزوێلا داگیر بکات


رووداو دیجیتاڵ 

نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا رایدەگەیێنێت، هێزەکانی ئەمریکا هەرگیز ناتوانن ڤەنزوێلا داگیر بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن پێنج کەشتیی جەنگی و چوار هەزار سەربازی رەوانەی دەریای کاریبی کرد بۆ گوشار خستنە سەر ئەو سەرکردە چەپە.

ئەمریکا رایگەیاندووە، ناردنی هێزەکان بۆ باشووری دەریای کاریبی، نزیک لە ئاوە هەرێمییەکانی ڤەنزوێلا بۆ ئۆپەراسیۆنێکە لە دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر.

ڤەنزوێلاش بە ناردنی کەشتی جەنگی و درۆن بۆ ناوچە کەناراوەکانی وەڵامی دایەوە و هەڵمەتێکی بۆ جێگیرکردنی هەزاران ئەندامی هێزە ئەمنییەکان دەستپێکردووە. 

مادۆرۆ دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ پاراستنی "ئاشتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی" و ئەمریکا هەرگیز "ناتوانێت بچێتە ڤەنزوێلا".

ئەمریکا تائێستا هیچ هەڕەشەیەکی بۆ هێرشکردن یان داگیرکردنی ڤەنزوێلا نەکردووە. 

مادۆرۆ لە هەڵبژاردنەکانی تەممووزی 2024ـدا براوە بوو، بۆ سێیەم جار بووەوە سەرۆک.

واشنتن مادورۆ تۆمەتبار دەکات بە سەرۆکایەتیکردنی کارتێلێکی بازرگانیکردنی کۆکاین، بە ناوی کارتیلی "دێ لۆس سۆلێس"، کە ئیدارەی ترەمپ وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانی کردووە.

ئەمریکا مانگی رابردوو، بڕی ئەو پارەیەی بۆ دەستگیرکردنی مادۆرۆ تەرخانی کردبوو لە 25 ملیۆنەوە بۆ 50 ملیۆن دۆلار زیاد کرد. 

لە ساڵی 2020 و لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، مادۆرۆ و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی ڤەنزوێلا لە دادگایەکی فیدراڵی لە نیویۆرک بە چەندین تۆمەت تۆمەتبار کران.

حکومەتی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە دەستی بەسەر زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلاری مادۆرۆ گرتووە، لەنێویاندا دوو فڕۆکەی حکومەتی ڤەنزوێلا.

مادۆرۆی تەمەن 62 ساڵ، کە پێشتر شۆفێری پاس و چالاکڤان بووە، ئەگەر دادگایی بکرێت و سزا بدرێت، رووبەڕووی سزای زیندانی تاهەتایی دەبێتەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و کاراکاس چەندین ساڵە بەرەو خراپی دەچن.

حکومەتی ئەمریکا دان بە مادۆرۆدا نانێت، کە یەکەمجار لە ساڵی 2013 هاتە سەر دەسەڵات، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2018ـی بە "پڕ لە کەموکوڕی" ناوبرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی "لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 28ـی تەممووزی 2024ـی ڤەنزوێلادا، مادۆرۆ بە ساختەکارییەوە خۆی وەک براوە ناساند."

واشنتن چەندین سزای ئابووریی بەسەر حکومەتەکەی مادۆرۆدا سەپاندووە.