بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی مۆریتانیا سەراوژێر بوو؛ 69 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەران لە کەناراوەکانی مۆریتانیا سەراوژێر بوو و بەو هۆیەوە 69 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەرپرسێکی باڵای پاسەوانی کەناراوەکانی مۆریتانیا رایگەیاند، رووداوەکە درەنگانی شەوی سێشەممە روویداوە، کاتێک کۆچبەرەکان رووناکیی شارۆچکەیەکیان لە کەناراوەکانی مۆریتانیا بینیوە کە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لە باکووری نواکشۆتی پایتەختەوە دوورە و "بەرەو لایەکی بەلەمەکە رۆیشتوون و بوونەتە هۆی سەراوژێربوونی."
بەرپرسەکە گوتی، یەکێک لە بەلەمەکانی پاسەوانیی کەناراوەکان توانیویەتی 17 کەس لەنێو بەلەمەکە رزگار بکات.
پێشتر راگەیێندرا 49 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای پاسەوانیی کەناراوەکان دواتر ژمارەکەی بۆ 69 کەس بەرزی کردەوە.
بەگوتەی کۆچبەرە رزگاربووەکان، بەلەمەکە هەفتەیەک پێشتر بە نزیکەی 160 کەسەوە گامبیای جێهێشتبوو کە هاووڵاتیانی سەنیگالی و گامبیای تێدابووە.
خنکان لە کاتی پەڕینەوە مەترسیدارەکەی نێوان ئەفریقا و ئەورووپادا رووداوێکی باوە، کە شەپۆلە بەهێزەکانی زەریا و بەلەمە کۆن و خراپەکان پەڕینەوە دوورودرێژەکە مەترسیدارتر دەکەن.
بەگوێرەی ئاماری نافەرمی، لانیکەم 10,457 کۆچبەر لە ساڵی 2024ـدا لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئیسپانیا لە رێگەی دەریاوە گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە نەکرد کە کۆچبەرانی رووداوەکەی رۆژی سێشەممە بەرەو کوێدەڕۆیشتن.