بەریتانیا بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ پێشانگای چەک لە لەندەن بانگهێشت ناکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، نوێنەرانی حکومەتی ئیسرائیل بانگهێشت ناکرێن بۆ بەشداریکردن لە پێشانگایەکی گەورەی چەک لە لەندەن لە مانگی داهاتوو، ئەمەش لە کاتێکدایە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەریتانیا و ئیسرائیل بەهۆی شەڕی غەززەوە بەرەو خراپی دەچێت.
 
رۆژی هەینی 29ی ئابی 2025، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە هیچ شاندێکی حکومەتی ئیسرائیل بانگهێشت ناکرێت بۆ بەشداریکردن لە پێشانگای DSEI UK 2025 لە مانگی ئەیلوولدا."
 
کۆمپانیاکانی بەرگریی ئیسرائیل هێشتا رێگەیان پێدەدرێت بەشداری لەم بۆنەیەدا بکەن، کە هەموو دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام ئیسرائیل ئەم هەنگاوەی بە "جیاکاری" ناوبرد و رەخنەی لێگرت.
 
حکومەتی کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە مانگەکانی رابردوودا مۆڵەتەکانی هەناردەکردنی چەکی بۆ ئیسرائیل راگرتووە، هەروەها گفتوگۆکانی بازرگانیی ئازادی لەگەڵ ئیسرائیل راگرتووە و سزای بەسەر دوو وەزیری تووندڕۆی ئیسرائیلدا سەپاندووە، ئەوەش وەکو ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە شێوازی بەڕێوەبردنی شەڕەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی بەریتانیادا هاتووە، "بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل بۆ زیاتر هەڵکشانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە هەڵەیە."
 
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، "دەبێت چارەسەرێکی دیپلۆماسی هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە، ئەویش بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ، گەڕانەوەی بارمتەکان و پەلەکردن لە گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە."
 
بڕیارەکەی بەریتانیا کاردانەوەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلدا هاتووە، "ئەم سنووردارکردنانە بریتین لە کردەیەکی بەمەبەست، جێی داخن و جیاکارییەکی ئاشکران دژی نوێنەرانی ئیسرائیل."
 
مانگی رابردوو ستامەر رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هەنگاوی پێویست بۆ ئاگربەست نەنێت، ئەوا بەریتانیا لە مانگی ئەیلوولدا دەوڵەتی فەلەستین دەناسێنێت.
 
مانگی حوزەیران فەرەنسا رێگەی لە چەندین کۆمپانیای ئیسرائیلی گرت بەشداری لە پێشانگای فڕۆکەوانیی پاریس بکەن، کە کۆمپانیاکان کاریان دروستکردنی چەک بوو.
 
بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆپنهاگن رۆژی شەممە گفتوگۆ لەسەر گەمارۆی نوێ دژی ئیسرائیل و حەماس بکەن. سوید و هۆڵەنداش پێشتر داوایان کردووە هەنگاوی زیاتر بەو ئاراستەیە بنرێت.