لە بەریتانیا کەسێک بەتۆمەتی دروستکردنی درۆن بۆ داعش دادگاییکرا

رووداو دیجیتاڵ 

هاووڵاتییەکی بەریتانی بەتۆمەتی دروستکردنی درۆن بۆ داعش دادگایی کرا. تۆمەتبارەکە "درۆنی جۆری کامکازی دروستکردووە و وردەکاری دروستکردنی درۆنەکەی بۆ داعش ناردووە."
 
هاووڵاتییەکە ناوی محەممەد ئەلبەریدە و تەمەنی 26 ساڵە خوێندکاری دکتۆرا بووە لە بواری ئەندازیاری میکانیکی لە شاری کۆڤێنتری بەریتانیا. 
 
محەممەد درۆنەکەی لەسەر دیزاینی مووشەکی تۆماهۆک دروستکردووە و هەفتانە زانیاریی لەسەر درۆنەکە بە داعش داوە بۆ ئەوەی رێکخراوەکە بتوانێت درۆنەکە دروستبکات. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دادگەی بێرمینگهام، محەممەد تۆمەتەکانی رەتکردوونەتەوە و بە دادگەی راگەیاندووە: "من هیچ پلانێکم نەبووە بۆ ئەوەی یارمەتیی داعش بدەم، بەڵکو درۆنەکانم بۆ خۆم دروستکردوون."
 
میچێل هێلی، داواکاری گشتیی دادگەی بێرمینگهام بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، محەممەد گرتە ڤیدیۆی رێکخراوی داعشی لەنێو مۆبایلەکەیدا دابەزاندووە و بەردەوام لەسەر داعش خوێندوویەتییەوە و گوتیشی: "محەممەد پاڵپشتیی لە کوشتنی ئەو کەسانەی کردووە کە لەسەر بیروڕای ئەو نەبوون و پلانیشی هەبووە لە هەر شوێنێک رێکخراوەکە پێویستی پێی بێت، بچێت بۆی."
 
محەممەد لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەستگیرکراوە و لە ژوورەکەیدا چەند درۆنێک و کەلوپەلی دیکە دۆزراونەتەوە، کە بۆ دروستکردنی تەقەمەنی بەکاردەهێندرێن.
 
بڕیارە دادگە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی تۆمەتبارەکە بدات و چاوەڕواندەکرێت بە بەندکردنی تاهەتایی سزا بدرێت.