کۆشکی سپی پلانەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی نێوەڕۆکی پلانی سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ ئاگربەست لە غەززە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێویستە حکومەتی تەل ئەڤیڤ و حەماس بە ئاگربەست رازیبن و لە زووترین کاتدا بارمتە و زیندانییەکان ئازادبکرێن و دەستەیەکیش بۆ بەڕێوەبردنی غەززە پێکبهێنرێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 29ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. پلانی ترەمپ بۆ ئاگربەستی غەززە یەکێک بوو لەو پرسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشی سپی، دوای راگەیاندنی ئاگربەست، هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل رابگیرێن و لە کەرتەکەش بکشێنەوە. رۆژانە هاوکاریی مرۆیی پێویست بگەیێندرێتە کەرتەکە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دابەشبکرێن.
 
لە پلانەکەدا هاتووە، دوای جەنگ، غەززە لەلایەن دەسەڵاتێکی راگوزەر لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی عەرەب و ئەورووپی بەڕێوەببرێت. حەماسیش نابێت وەکو گرووپێکی چەکدار لەو کەرتە بمێنێت و بەشداری دەسەڵات بکات، دەبێت چەکدارەکان وازبێنن یان رێگەیان پێدەدرێت غەززە جێبهێڵن.
 
پلانە 21 خاڵییەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی غەززە: 
 
1- غەززە دەبێتە ناوچەیەکی بێ تووندڕۆیی و تیرۆر، کە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی دروست نەکات.
 
2-  غەززە دووبارە پەرەی پێدەدرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکەکەی چیدیکە ئازار نەچێژن. 
 
3-  ئەگەر هەردوو لا رازی بن بەم پێشنیازە، جەنگ دەستبەجێ کۆتایی دێت. هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە بۆ ئەو هێڵەی لەسەری رێکدەکەون وەکو ئامادەکاری بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. لەم ماوەیەدا، سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، لەوانەش بۆردوومانکردنی ئاسمانی و تۆپخانە، رادەگیرێن و جەنگ رادەگیرێت تاوەکو مەرجەکان بۆ کشانەوەی تەواو بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێن.
 
4- لە 72 کاژێر لە دوای راگەیاندنی قبوڵکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، سەرجەم بارمتەکان، زیندوو و مردوو، بگەڕێندرێنەوە.
 
5-  دوای ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، ئیسرائیل 250 زیندانی فەڵەستینی کە سزای زیندانی هەتاهەتایی و هەزار و 700 غەززەیی ئازاد دەکات کە دوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیرکرابوون، لەوانە هەموو ژن و منداڵانی دەستگیرکراو لەو ماوەیەدا. لە بەرامبەر تەرمی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلی، ئیسرائیل 15 تەرمی هاووڵاتییانی غەززە دەگەڕێنێتەوە. 
 
6- دوای گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان، ئەو ئەندامانەی حەماس کە پابەند دەبن بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دانانی چەکەکانیان، لێبووردنیان بۆ دەردەکرێت. ئەو ئەندامانەی حەماس کە دەیانەوێت غەززە جێبهێڵن، رێگایەکی سەلامەتیان بۆ دابین دەکرێت بۆ وڵاتانی دیکە، کە وەریاندەگرن. 
 
7-  لەگەڵ قبوڵکردنی ئەم رێککەوتنەدا، هاوکاری تەواو و دەستبەجێ رەوانەی کەرتی غەززە دەکرێت. لانیکەم، بڕی هاوکارییەکان هاوشێوەی ئەوە دەبێت کە لە رێککەوتنی 19ی کانوونی دووەمی 2025 جێگیرکرابوو سەبارەت بە هاوکاری مرۆیی، لەوانەش نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی (ئاو، کارەبا و ئاوەڕۆ)، نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و نانەواخانەکان و گەیاندنی کەرەستەی پێویست بۆ لابردنی وێرانکارییەکان و کردنەوەی رێگاکان.
 
8- گەیاندنی هاوکارییەکان و دابەشکردنیان لە کەرتی غەززە بەبێ دەستتێوەردانی هەردوولا لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی، مانگی سوور و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، دەبێت کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە هیچ کام لە لایەنەکانەوە نییە. کردنەوەی دەروازەی رەفەح بەپێی هەمان میکانیزم دەبێت کە بەپێی رێککەوتنی 19ی کانوونی دووەمی 2025 جێبەجێ کرا. 
 
9- غەززە لە ژێر حوکمڕانی راگوزەر کە لیژنەیەکی فەلەستینیی دەبێت، بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و شارەوانییەکان بۆ خەڵکی غەززە. ئەم لیژنەیە لە فەلەستینییە لێهاتوو و شارەزایانی نێودەوڵەتی پێکدێت، لەگەڵ چاودێری و سەرپەرشتی دەستەیەکی نوێی گواستنەوەی نێودەوڵەتی بەناوی "ئەنجوومەنی ئاشتی"، کە لەلایەن سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ژمارەیەک ئەندامیشی دەبێت، لەوانە تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا. 
 
10- ئەم دەستەیە چوارچێوەیەک دادەنێت و بودجەی پەرەپێدانی غەززە بەڕێوەدەبات تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی فەلەستین پرۆگرامی چاکسازییەکەی تەواو دەکات. 
 
11- پلانێک بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی غەزە لەلایەن ترەمپەوە دروستدەکرێت، ئەمە بە بەشداری لیژنەیەک لە شارەزایان کە یارمەتیدەر بوون لە دروستکردنی هەندێک لە شارە گەشەسەندوو و سەرسوڕهێنەرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
 
12- ناوچەیەکی ئابووری تایبەت دادەمەزرێت و لەگەڵ وڵاتانی بەشداربوو گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
 
13- کەس ناچار ناکرێت غەززە جێبهێڵێت و ئەوانەی دەیانەوێت بڕۆن ئازاد دەبن لەوە و (ئەوانەی غەززەییان جێهێشتووە،) ئازادن لە گەڕانەوە. هانی خەڵک دەدەین بمێننەوە و دەرفەتیان پێدەدەین بۆ دروستکردنی غەززەیەکی باشتر.
 
14- حەماس و لایەنەکانی دیکە ڕازی دەبن کە هیچ رۆڵێکیان لە حوکمڕانی غەززەدا نەبێت، نە بە راستەوخۆ، نە ناڕاستەوخۆ و بە هیچ شێوەیەک. سەرجەم ژێرخانە سەربازی، تیرۆریستی و هێرشبەرەکان، لەوانەش تونێلەکان و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەک، وێران دەکرێن. پرۆسەیەکی داماڵینی چەک لە غەززە لە ژێر چاودێری چاودێرانی سەربەخۆدا بەڕێوەدەبرێت. 
 
15-  گەرەنتییەک لەلایەن هاوبەشە هەرێمییەکانەوە دەدرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە حەماس و لایەنەکان، پابەندی ئەرکەکانیان دەبن و غەززەی نوێ هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر دراوسێکانی یان خەڵکەکەی دروست ناکات.
 
16- ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوبەشە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ پەرەپێدانی هێزێکی "کاتیی سەقامگیرکردنی نێودەوڵەتی" بۆ دەستبەجێ بڵاوەپێکردن لە غەززە. هێزەکانی پۆلیسی فەلەستینی هەڵبژێردراو لە غەززە راهێنان بەو هێزە دەکات و پاڵپشتی دەکات، بە راوێژ لەگەڵ ئوردن و میسر کە ئەزموونی فراوانیان لەم بوارەدا هەیە. ئەم هێزە چارەسەری ئاسایشی ناوخۆیی درێژخایەن دەبێت. هێزەکە لەگەڵ ئیسرائیل و میسر کار دەکات بۆ یارمەتیدان لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان. گرنگە رێگری بکرێت لە چوونەژوورەوەی تەقەمەنی بۆ غەززە و ئاسانکاری بکرێت بۆ گواستنەوەی خێرای کاڵاکان بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوەی غەززە. میکانیزمێکی کەمکردنەوەی پێکدادان لە نێوان لایەنەکاندا رێککەوتنی لەسەر دەکرێت.
 
17-  ئیسرائیل غەززە داگیر یان بە خاکەکەیەوە نالکێنێت. کاتێک هێزی "کاتیی سەقامگیرکردنی نێودەوڵەتی" غەززەی کۆنترۆڵکرد و سەقامگیری دروستکرد، سوپای ئیسرائیل دەکشێتەوە بەپێی رێککەوتن. 
 
18-  لە ئەگەری دواخستن یان رەتکردنەوەی ئەم پێشنیازە لەلایەن حەماسەوە، ئەوەی سەرەوە، لەوانەش ئۆپەراسیۆنی هاوکاری بۆ ناوچە بێ تیرۆرەکاندا بەردەوام دەبێت.
 
19- پرۆسەیەکی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان دادەمەزرێت لەسەر بنەمای لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ هەوڵدان بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە و گێڕانەوەکانی فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەو سوودانەی کە دەتوانرێت لە ئاشتییەوە بەدەستبهێنرێن.
 
20-  لە کاتێکدا پەرەپێدانی غەززە بەرەوپێش دەبرێت و کاتێک پرۆگرامی چاکسازی دەسەڵاتی فەلەستین بە دڵسۆزی جێبەجێ دەکرێت، لەوانەیە سەرەنجام مەرجەکان بۆ رێگایەکی باوەڕپێکراو بۆ خۆبەڕێوەبەری فەلەستین و دەوڵەتبوون، کە وەک ئاواتی گەلی فەلەستین دانی پێدادەنێین، فەراهەم بێت.
 
21- ویلایەتە یەکگرتووەکان گفتوگۆیەک لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا دادەمەزرێنێت بۆ رێککەوتن لەسەر ئاسۆی سیاسی بۆ پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە و گەشەسەندوو.