کاسەسەرێکی یەک ملیۆن ساڵی، بیردۆزی پەرەسەندنی مرۆڤ هەڵدەتەکێنێت
رووداو دیجیتاڵ
زۆرن ئەوانەی بڕوایان بە بیردۆزی پەرەسەندنی مرۆڤ نییە. ئێستا هۆکارێکی دیکەی زانستییان هەیە بۆ ئەوەی گومانی زیاتری لێ بکەن.
دۆزینەوەیەکی زانستیی نوێ لەسەر کاسەسەرێکی یەک ملیۆن ساڵی، ئەو تێگەیشتنە باوەی کە دەیان ساڵە لەبارەی مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤەوە هەیە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم کاسەسەرە کە بە "یونشیان 2" ناسراوە و لە ساڵی 1990 لە چین دۆزراوەتەوە، وێنەیەکی نوێی مێژووی مرۆڤایەتیمان پێشکێش دەکات.
چیرۆکی کاسەسەرەکە چییە؟
کاتێک کاسەسەرەکە دۆزرایەوە، بریتی بوو لە کۆمەڵێک ئێسکی ورد و شێواو، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای نوێ، زانایان توانییان بە شێوەی دیجیتاڵی پارچەکان پێکەوە بلکێنن و وێنەیەکی سێ رەهەندیی تەواوی کاسەسەرەکە دروست بکەن.
پێشتر، زانایان وایان دانابوو کە ئەم کاسەسەرە هی جۆرێکی دێرینی مرۆڤە بە ناوی "هۆمۆ ئێرێکتەس" (مرۆڤی راستبووەوە)، کە بە یەکەم باوانی مرۆڤ دادەنرێت لەسەر دوو پێ رۆیشتبێت.
ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکە
دوای شیکردنەوەی نوێ، دەرکەوت قەبارەی مێشکی خاوەنی کاسەسەرەکە لەوەی "هۆمۆ ئێرێکتەس" گەورەتر بووە و تێکەڵەیەک لە تایبەتمەندیی مرۆڤی کۆن و نوێتری تێدابووە. ئەمەش وایکردووە زانایان پێیانوابێت کە ئەمە کاسەسەری یەکێک لە باوانە نزیکەکانی مرۆڤی مۆدێرنە، کە بە "دێنیسۆڤان"ـەکان ناسراون.
ئەم دۆزینەوەیە دوو تێگەیشتنی سەرەکی دەگۆڕێت:
1. کاتی پەرەسەندن: پێشتر وا دەزانرا کە "دێنیسۆڤان"ـەکان و "نیاندەرتاڵ"ـەکان (دوو رەچەڵەکی دیکەی مرۆڤ) نزیکەی 700 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە یەک باوانی هاوبەش جیابوونەتەوە، بەڵام ئەم کاسەسەرە یەک ملیۆن ساڵییە دەریدەخات کە رەنگە ئەم جیابوونەوەیە زۆر زووتر، نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار ساڵ لەمەوبەر، روویدابێت.
2. شوێنی پەرەسەندن: بیردۆزی باو ئەوە بوو کە ئەفریقا ناوەندی سەرەکیی پەرەسەندنی مرۆڤ بووە، بەڵام ئەگەر بیردۆزی پەرەسەندن پێوەر بێت، دۆزینەوەی ئەم کاسەسەرە لە چین بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر ئەوەی کە ئاسیاش رۆڵێکی گەورەی لە قۆناخە گرنگەکانی پەرەسەندنی مرۆڤدا گێڕاوە.
پرۆفیسۆر کریس سترینگەر، لە مۆزەخانەی مێژووی سرووشتی لەندەن و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، دەڵێت: "ئەم دۆزینەوەیە زۆر شت لە تێگەیشتنی ئێستامان دەگۆڕێت."