لە فەرەنسا هەوڵێکی کودەتا بەسەر ماکرۆندا پووچەڵدەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای هەواڵگریی فەرەنسا هەوڵێکی کودەتای لە دژی ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پووچەڵکردووەتەوە، کە لەلایەن سەرکردەیەکی راستڕەو و پەرلەمانتاری پێشوو، بە هاوکاری ژمارەیەک ئەفسەری سوپا و پۆلیس، سەرپەرشتی کراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 29-10-2021 رۆژنامەی لێ پارسیانی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی رێمی دایێ هەوڵی کودەتا بەسەر حکومەتی فەرەنسا دراوە. هاوکات دەشڵێت کودەتاکە ناونراوە: "ئۆپەراسیۆنی ئازوور". 
 
بەگوێرەی رۆژنامەکە، رێمی دایێ وێدمان، کە لە مانگی حوزەیراندا بەهۆی بەسەرچوونی ڤیزاکەیان، خۆی و هاوژینی و سێ منداڵەکەی لە مالیزیاوە دیپۆرتی فەرەنسا کراونەتەوە، لە 22ی تشرینی یەکەم بەتۆمەتی دەستهەبوون لەگەڵ تیرۆر دادگایی کراوە. رۆژنامەکە دەڵێت وێدمان لە ساڵی 2020 لەو کاتەی لە مالیزیا بووە، پلانی بۆ کودەتاکە داناوە.
 
هاوکات بەگوێرەی رۆژنامەکە، دایێ وێدمان لە دانیشتنی دادگادا ئەوەی گوتووە پلانی کودەتای سەربازیی نەبووە، بەڵکو پلانی هەبووە لە رێگەی "رێکخستنی خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەرییەوە دەست بەسەر کۆشکی ئێلیزێ و حکومەتدا بگرن".
 
لەلایەکی دیکەوە، دایێ وێدمان تەمەن 55 ساڵ بە هاوکاریکردن بۆ رفاندنی کچێکی 8 ساڵان بە ناوی میا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا تۆمەتبارکراوە. کە لە مانگی حوزەیرانەوە بەهۆی تێوەگلان لەو کەیسەدا لەلایەن ئاژانسی کۆچبەرانی کوالالامپوورەوە رادەستی فەرەنسا کراوەتەوە. دایێ وێدمان بە میدیای فەرەنسیی راگەیاندووە ئەوە رفاندن نەبووە: "بەڵکو لەسەر ویستی دایکی، منداڵەکەم بۆ گەڕاندووەتەوە."  
 
عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوە لە کاروباری عێراق لەبارەی هەوڵی کودەتاکەی فەرەنسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەڵێ هەوڵی کودەتا هەبووە و دەزگای هەواڵگریی فەڕەنسا ئاشکرای کردووە، ئاشکراکرنی ئەو گرووپە و هەوڵەکەشیان زۆر بە رێککەوت بووە، لە مانگی نیسانی 2021 کاتێک گرووپێک دەیانەوێت کچێکی تەمەن 8 ساڵان بەناوی میا کە بەسەردان چووەتە ماڵی باپیری، بڕفێنن، دەستگیردەکرێن، رێمی یەکێکە لە تۆمەتبارانی ئەو تاوانە و دواتر خۆی گرووپەکەی و هەوڵی کودەتاکەشیان لەو رێگەیەوە ئاشکرا دەبێت".
 
عادل باخەوان گوتیشی: "ریمی و گرووپەکەی لە گرووپە رادیکاڵەکانن، کە رەگەزپەرستن و بە نازییە نوێیەکانی فەڕەنسا دەناسرێن. ئەوان باوەڕیان بە پیلانگێڕی هەیە و پێیانوایە فەڕەنسا لەلایەن پیلانگێرەکان و جووەکان هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت. بۆ ئەمەش باوەڕیان وایە ئیمانوێل ماکرۆن یاری و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو پلانەیە بۆ تێکدانی فەڕەنسای مەزن و دەبێت سەری مارەکە پان بکرێتەوە".
 
هەر بەگوێرەی رۆژنامە فەرەنسییەکە، دایێ وێدمان تۆڕێکی بۆ کودەتا پێکهێناوە کە بەسەر دوو بەشدا دابەشکراوە؛ گرووپێکی سڤیل و گرووپێکی سەربازی. گرووپە سەربازییەکە تۆڕێکی چەکداری لەگەڵ بووە و لەلایەن دوو ئەندامی سوپای فەرەنساوە سەرکردایەتی کراوە و لە رێگەی 26 "کاپتنی هەرێمییەوە"، کە لقی لە سەرتاسەری وڵاتدا دروستکردووە. 
 
لێ پاریسیان دەشڵێت کە دایێ وێدمان لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا نامەی بۆ ئەندامانی پەرلەمان ناردووە و پێیگوتون کە "لە کودەتای خەڵک رزگارتان نابێت" و ئەمەش لە چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوودا روودەدات. 
 
دایێ وێدمان بە کەسێکی راستڕەوی تووندڕەو دەناسرێت، کە زۆرجار تیۆری پیلانگێڕی باسکردووە و پێشتر لە پارتی بزووتنەوەی دیموکراسیی دەرکراوە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆڕۆناوە، دایێ وێدمان دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی هەوادار لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. هاوکات بە پیلانگێڕانەکانی دژ بە ڤاکسینکردن، لەباربردنی منداڵ و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ دژ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، تۆمەتبارکراوە.