سوپای ئەمریکا: کشاندنەوەی هێزەکانمان لە ئەورووپا نیشانەی بەهێزبوونی توانای سەربازیی ئەوانە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی سوپای ئەمریکا لە ئەفریقا و ئەورووپا بڵاویکردەوە، کشاندنەوەی بەشێکی هێزەکانیان لە ئەورووپا نیشانەی لاوازبوونی پابەندبوونیان نییە بە هاوپەیمانیەتی ناتۆ، بەڵکو بەهۆی بەهێزبوونی توانای سەربازیی وڵاتانی کیشوەرەکەوەیە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، فەرماندەیی سوپای ئەمریکا لە ئەورووپا و ئەفریقا کە بارەگاکەی لە ئەڵمانیایە لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە پلانی کشاندنەوەی بەشێکی سەربازانیان لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا ئاشکرای کرد: "ئەمە کشانەوەی ئەمریکا نییە لە ئەورووپا یان لاوازبوونی پابەندبوون نییە بە ناتۆ و خاڵی پێنجەمی رێککەوتنی هاوپەیمانییەکە."
32 وڵات ئەندامی ناتۆن و تەنیا کەنەدا و ئەمریکا لە ئەورووپا نین. خاڵی پێنجەمی رێککەوتنی هاوپەیمانییەکە دەڵێت، هێرش بۆ سەر هەر ئەندامێک هێرشە بۆ سەر هەموو ئەندامەکان و پێویستە هەمووان بەیەکەوە وەڵام بدەنەوە.
فەرماندەییەکە لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەنگاوەکە "نیشانەیەکی ئەرێنی بەهێزبوونی توانای (سەربازی) وڵاتانی ئەورووپا و بەرپرسیاریەتییانە" لە پاراستنی ئاسایشی کیشوەرەکە.
پێش راگەیێندراوەکەی سوپای ئەمریکا، بەرپرسێکی ناتۆ بە ئاژانسی فرانس پرێسی (AFP) راگەیاند، پابەندبوونی واشنتن بە هاوپەیمانییەکە "روون" ماوەتەوە و ئامادەیی هێزەکانیشی لە ئەورووپا بەرچاوە و ئاستێکی بەرزی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا.
ئەو بەرپرسە هەروەها گوتی: "تەنانەت بەم رێکخستنەوەشەوە، پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا لەوە گەورەترە، کە بۆ چەندین ساڵ بوونی هەبووە و ژمارەیەکی زۆر زیاتری هێزەکانی ئەمریکا لە کیشوەرەکەدان بەراورد بە پێش ساڵی 2022."
چاوەڕوان دەکرا ئەمریکا دوای تەواوکردنی پێداچوونەوە بە بڵاوەپێکردنی سەربازیی جیهانیی خۆی، کەمکردنەوەی هێز لە ئەورووپا رابگەیەنێت، بەڵام هێشتا هیچ جووڵەیەک بە فەرمی لەلایەن پێنتاگۆنەوە رانەگەیێندراوە.
وەزارەتی بەرگریی رۆمانیا، رۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەو کەمکردنەوەیە دا و رایگەیاند، واشنتن بڕیارە گواستنەوەی لیوایەکی شەڕکەر (Brigade Combat Team) رابگرێت کە یەکەکانی لە چەندین وڵاتی ناتۆدا بوون، لەوانە بولگاریا، رۆمانیا، سلۆڤاکیا و هەنگاریا. ئەم لیوایە رۆڵی سەرەکی هەبوو لە بەهێزکردنی ئاسایشی سنووری رۆژهەڵاتی ناتۆ.
ئەگەری کشانەوەی هەر هێزێکی ئەمریکی، نیگەرانی هاوپەیمانانی لێکەوتووەتەوە، بە تایبەتی بەهۆی ئەو ترسەی کە رووسیا هەوڵی هێرشکردنە سەر وڵاتێکی ناتۆ بدات لە چەند ساڵی داهاتوودا، بەڵام ناتۆ، گرنگیی پلانی ئەمریکای بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندان، کەم بایەخی کردەوە و جەختی لەسەر پاراستنی توانای بەرگریی هاوبەش کردەوە.