ئیلۆن مەسک گرۆکیپێدیای دامەزراند؛ رووداو تاکە میدیای کوردستانییە ئاماژەی پێکراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک، سەرمایەگوزاری ئەمریکی "گرۆکیپیدیا"ی بە فەرمی راگەیاند، ئینسایکلۆپیدیایەکی نوێیە و بە ژیریی دەستکرد کاردەکات و لەلایەن کۆمپانیای xAIـیەکەیەوە پەرەی پێدراوە. تۆڕی میدیایی رووداو تاکە میدیای کوردستانییە کە لە گرۆکیپێدیا زانیاری لەبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە.
مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئینسایکلۆپیدیایەکەی راگەیاند و نووسی، ئامانجی لە دروستکردنی گرۆکیپێدیا ئەوەیە کە "کۆمەڵێک سەرچاوەی زانیاری و سەرچاوەی گشتگیر بەردەست بێ."
ئینسایکلۆپیدیا نوێکەی مەسک وەک جێگرەوەی ویکیپیدیا سەیردەکرێ و دەگوترێ ئامانجی مەسک ئەوەیە جێگە بە ویکیپیدیا لەق بکات، بەتایبەت کە بەم دواییانە بەردەوام رەخنەی ئەوەی لێگرتووە کە ویکیپیدیا لایەنگری دەکات.
لە دەستپێکی راگەیاندنیدا، گرۆکیپیدیا لەنێوان 800,000 بۆ 900,000 بڵاوکراوەی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە.
پێچەوانەی مۆدێلی ویکیپیدیا کە پشت بە خۆبەخشان دەبەستێت بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکان و تۆمارکردنیان، گرۆکیپیدیا پشت بە مۆدێلی زمانی Grok AI دەبەستێت کە بە ژیریی دەستکرد کار دەکات و بەکارهێنەران ناتوانن دەستکاری گوتارەکان بکەن.
تۆڕی میدیایی رووداو تاکە تۆڕی میدیایی کوردستانییە کە لەنێو ئینسایکلۆپیدیاکەی مەسک هەیە و هەموو زانیارییەکانی لە دامەزراندنی رووداوەوە تاوەکو شێوازی کارکردنی تێدا باسکراوە.
لە گۆکیپیدیادا هاتووە کە رووداو لە سەرەتای دامەزراندییەوە بەهۆی "وەبەرهێنان لە ژێرخانی پەخش و راپۆرتەکانی بە زمانی جیاواز" بووەتە گەورەترین تۆڕی میدیایی لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها لەنێو ئینسایکلۆپیدیاکەی مەسک ئەوەش روونکراوەتەوە کە تۆڕی میدیایی رووداو بەهۆی "رووماڵکردنی بەرفراوان لەکاتی قەیرانە هەرێمییەکان ناوبانگی دەرکردووە" و خەڵاتی ستیڤی وەرگرتووە.
گرۆکیپیدیا بە خوێنەرانی دەڵێت، لە نێوەڕاستی گۆڕانکارییەکانی بواری میدیای عێراق لە دوای 2003، رووداو هەوڵێک بوو بۆ بە پیشەییکردنی رۆژنامەڤانی سەربەخۆ لە ناوچەکەدا.