پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ رووداو: 34 گەنج لەسەر سنوور دەستبەسەرکراون و رەتکراونەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، لە 9 مانگی ئەم ساڵدا 18 گەنجی بێسەرپەرشت لە سنوورەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتانی دیکە "دەستبەسەرکراون" و 16 گەنجی بێسەرپەرشتیش گەڕێندراونەتەوە. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2025، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکایەتیی پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە ئیمەیڵ وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی، پۆلیسی فیدراڵی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 34 کەسی خوار 18 ساڵی لە سنوورەکان "دەستبەسەرکردووە یان رێگەی هاتنەژوورەوەی پێنەداون" کە تەنیا و بێ سەرپەرشت بوون. 
 
بە گوێرەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا، ئەم ئامارانە لە کانوونی دووەم تاوەکو ئەیلوولی 2025 تۆمارکراون.
 
پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزە فیدراڵییەکان لەسەر سنووری ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە شنگن جێگیربوون و لەو چوارچێوەیەشدا 18 کەسیان دەستبەسەرکردوون کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە و تەنیا بوون و ویستوویانە بچنە نێو وڵاتە ئەورووپییەکە. 
 
پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەڵێ، 16 گەنجیش لەسەر سنوور گەڕێندراونەتەوە. 
 
تشرینی یەکەمی 2025، گوتەبێژێکی دەزگای کۆچ و پەنابەرانی فیدراڵیی ئەڵمانیا سەبارەت بە پەناخوازانی گەنج و بێسەرپەرشت لەو وڵاتە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، پار 13 هەزار و 344 گەنجی بێسەرپەرشت "بۆ یەکەم جار داوای مافی پەناخوازی"یان کرد و  رێژەی 92.4% یان کوڕ بوون و زۆربەیشیان سووریایی بوون.
 
ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، لە 7ـی ئایاری ئەم ساڵدا فەرمانی بە پۆلیسی فیدراڵی کرد هەموو سنوورەکانی وڵاتەکەی کۆنترۆڵ بکەن. دواتر پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە نێوان 8ـی ئایار و 31ـی تەممووزدا 9 هەزار و 500 کەسیان لە سنوورەکان "گەڕاندوەتەوە" و نەیانهێشتووە بچنە نێو ئەڵمانیا.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکە:
 
رووداو: لە پشکنینەکانی سنوورە دەرەوەکانی ئەڵمانیادا، گەنجانی بێسەرپەرشتیش رەتکراونەتەوە؟ ئەگەر گەنجانی بێسەرپەرشت لە نێو ئەو کەسانەدا بن کە رەتکراونەتەوە، ئەم ساڵ چەند گەنجی بێسەرپەرشت لە کاتی پشکنینەکانی سنووردا تۆمارکراون یان رەتکراونەتەوە؟
 
پۆلیسی فیدراڵ: پۆلیسی فیدراڵ و بەرپرسان کە بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن، لە ساڵی 2025دا (لە کانوونی دووەم تا ئەیلوول) لە چوارچێوەی تێپەڕبوونی نایاسایی (لەگەڵ هەوڵدانەکاندا) 18 کەسی خوار تەمەنی، کە تەنیا بوون، لە کاتی پشکنینەکانی سنووردا لەسەر سنوورە دەرەوەکانی شنگن (رێگە ئاسمانی و دەریاییەکان) دەستبەسەرکردووە.
 
لە هەمان ماوەی چاودێریدا، 16 کەسی خوار 18 ساڵ و تەنیا بوون، لەسەر سنوورە دەرەوەکان رەتکراونەتەوە. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان تێپەڕبوونی نایاسایی و رەتکردنەوەکاندا مومکین نییە، چونکە نەک هەر تاوانکارییەک نابێتە هۆکارێک بۆ رەتکردنەوە (بەپێی حاڵەتەکە، نەک هەر رەتکردنەوەیەک دەبێت وەک تێپەڕبوونی نایاسایی تۆمار بکرێت).