ئەمریکا؛ بارهەڵگرێک بەبێ شێف خواردنی کۆری دروست دەکات و دەیفرۆشێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەو بارهەڵگرەی لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت ناوی (ئۆلسۆ OLHSO)یە و بەبێ ئەوەی پێویستی بە شێفی مرۆڤ بێت، خواردنی کۆری ئامادە دەکات و دەیفرۆشێت.
بارهەڵگرەکە لە شەقامەکانی سانفرانسیسکۆی ئەمریکا دەسووڕێتەوە و خواردن دروست دەکات.
کیش شین، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و هاودامەزرێنەری کۆمپانیای Shin Starr Presents، دەڵێت: "بیرمان لەوە کردەوە کە دەمانەوێت گۆڕانکاری بکەین و بازاڕی خزمەتگوزاریی گەیاندنی خۆراک بەهێزتر بکەین، بە بارهەڵگرێکی خۆراک کە بتوانێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە کاتی لێخوڕیندا خواردن لێبنێت."
سیحری کارەکە لە رێگەی سیستەمێکەوەیە پێیدەگوترێت ئۆتۆ وۆرک (Autowok)؛ رۆبۆتێکی ژیریی دەستکردە خۆکارانە خواردن لێدەنێت، پێشکێش دەکات و تەنانەت کاری پاککردنەوەش دەکات، بەڵام پێویستە مرۆڤێک پێکهاتەکان ئامادە بکات و بارهەڵگرەکە پڕبکات، ئەوەی دیکە هەمووی لەسەر رۆبۆتەکەیە.
شین دەڵێت: "بارهەڵگرەکە دەتوانێت خواردنی تازە لێنراو پێشکێش بکات، کە بێگومان بەتامترە و کوالێتیی باشترە."
لەکاتێکدا بارهەڵگرەکە بەرەو تۆ دێت، سیستەمکە پێکهاتەکان دەردەهێنێت و دەیانکاتە نێو دەفرێکی گەرمکراوی خولاوەوە. ئۆتۆ وۆرکەکە کارا دەبێت و ژەمە گەرمەکان لە رێگادا لێدەنرێن.
کاتەکەشی ژیرانە رێکدەخاتەوە، بە جۆرێک هەر کە گەیشتە کڕیار یان داواکاری خواردنەکە، ژەمەکەی ئامادە دەبێت. لەوەش زیاتر، رۆبۆتەکە تەنانەت دەتوانێت خۆی پاک بکاتەوە، بۆیە چیدیکە شوشتنی قاپوقاچاخی ماندووکەر نامێنێت.
شین بیری لەوە کردووەتەوە کە رۆژێک لە رۆژان هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێلی ئۆتۆماتیکیدا بکات. ئەو دەڵێت: "بێگومان ئێمە زۆر کراوەین بۆ کارکردن لەگەڵ رۆبۆتەکانی گەیاندن و بارهەڵگرە بێ شۆفێرەکان، کە لەو حاڵەتەدا نەوەی داهاتووی بارهەڵگرەکانمان تەنانەت پێویستییان بە شۆفێری مرۆڤیش نابێت."