پووتین: درۆنێکی ژێردەریایی هەڵگری بۆمبی ئەتۆمیمان تاقیکردەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرکەوتووانە درۆنێکی ژێردەریایی تاقیکردووەتەوە، کە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە. ئەمە دووەم تاقیکردنەوەی سیستمی چەکی ئەتۆمییە لەلایەن مۆسکۆوە تەنیا لە چەند رۆژێکدا و وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بۆ هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەیر دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 29-10-2025 پووتین لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا لە کاتی سەردانکردنی نەخۆشخانەیەکی سەربازی کە سەربازە بریندارەکانی جەنگی بەرامبەر ئۆکراینای تێدا چارەسەر دەکرێت، گوتی: "دوێنێ، تاقیکردنەوەیەکی دیکە بۆ سیستمێکی دیکەی داهاتوو کرا، درۆنی ژێردەریایی پۆسایدن، کە ئەویش یەکەیەکی وزەی ئەتۆمیی لەسەرە."
 
پووتین رۆژی یەکشەممە، سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی چەکێکی دیکەی ئەتۆمیی پێشکەوتووی کرد، کە مووشەکی کرووزی بورێڤێستنیکە و رایگەیاند "مەودایەکی بێسنوور"ـی هەیە. ترەمپ ئەو تاقیکردنەوەیەی بە "نائاسایی" وەسفکردبوو.
 
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "هیچ رێگەیەک بۆ رێگریکردن" لە درۆنەکە نییە، کە بە گوتەی پووتین، دەتوانێت بە خێراییەکی زیاتر لە ژێردەریاییە ئاساییەکان بڕوات و بگاتە هەر کیشوەرێکی جیهان.
 
پووتین گوتی، هیچ وڵاتێک ناتوانێت هاوتای خێرایی و قووڵایی نقوومبوونی پۆسایدن بێت و گوتیشی: "پێناچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ شتێکی هاوشێوە دەربکەوێت."
 
بە گوتەی سەرچاوەیەک لە کەرتی سەربازی-پیشەسازیی رووسیا کە ئاژانسی فەرمیی تاس لێی گواستووەتەوە، درۆنەکە دەتوانێت لە قووڵایی زیاتر لە یەک کیلۆمەتر کاربکات و بە خێرایی تاوەکو 70 نۆت (130 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا) بڕوات، لە کاتێکدا رادار نایگرێت. 
سەرچاوەکە بە تاسی گوتووە، پۆسایدن کە یەکەم جار لە ساڵی 2018 تاقیکرایەوە، توانای هەڵگرتنی کڵاوەیەکی ئەتۆمیی تاوەکو دوو مێگاتۆنی هەیە.
 
ترەمپ و پووتین
 
دوای تاقیکردنەوەکەی رۆژی یەکشەممە، ترەمپ داوای لە پووتین کردبوو لەبری ئەوە تیشک بخاتە سەر کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا. ترەمپ گوتی: "پێویستە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت. جەنگێک کە دەبوو یەک هەفتەی بخایاندایە، ئێستا نزیکە لە ساڵی چوارەمیدا. ئەوەیە کە دەبێت بیکات لەبری تاقیکردنەوەی مووشەک."
 
سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردوو لووتکەیەکی پلاندانراوی لەگەڵ پووتین لە بوداپێست هەڵوەشاندەوە، هۆکارەکەشی بە "نائامادەیی سەرکردەی رووسیا بۆ سازشکردن" وەسفکرد.
 
ترەمپ لەوکاتەوەی لە مانگی کانوونی دووەمدا بۆ کۆشکی سپی گەڕاوەتەوە، هەوڵی دەستەبەرکردنی رێککەوتنێک دەدات، بەڵام گفتوگۆکان هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبینیوە و نائومێدی بەرامبەر پووتین نیشانداوە.
 
واشنتن هەفتەی رابردوو سزای خستە سەر دوو گەورەترین کۆمپانیای نەوتی رووسیا و گلەیی ئەوەی کرد کە گفتوگۆکانی لەگەڵ پووتیندا "ناگەنە هیچ ئەنجامێک."
 
پووتین یەکەمجار لە ساڵی 2018 و لە گوتارێکی تووندی دژە رۆژئاواییدا رایگەیاندبوو، رووسیا بورێڤێستنیک و پۆسایدنی پەرەپێداوە.