کۆریای باشوور بەهۆی ڤیدیۆیەکی سێکسی، یاریزانێکی تۆپی پێی سڕکرد
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشوور یاریزانێکی سڕکرد، دوای ئەوەی تۆمەتی تۆمارکردنی ڤیدیۆیەکی سێکسیی کچە هاوڕێکەی خۆی درایە پاڵ.
رۆژی چوارشەممە، 29-11-2023، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشوور (KFA) رایگەیاند، یاریزانی هێرشبەر هوانگ ئوی جۆ، بە تۆمەتی تۆمارکردنی ڤیدیۆیەکی سێکسیی کچە هاوڕێکەی بەبێ ویستی ئەو، لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشوور هەروەها رایگەیاندووە، تاوەکو تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، هوانگ لە هەموو یارییەکانی هەڵبژاردەی نیشتیمانی سڕ دەکرێت.
هوانگ لە لێدوانێکدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
لی یۆننام، سەرۆکی لیژنەی رەوشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریا رایگەیاند، "هەموو یاریزانەکان پێویستە پلەیەکی بەرز لە رەوشت و بەرپرسیارێتیی جێبەجێ بکەن. بەهۆی ئەوەی هوانگ لەژێر لێکۆڵینەوەی پۆلیسدایە، ناتوانێت لە چالاکییەکانی هەڵبژاردە بەشداربێت".
هوانگ ئوی جۆ، هێرشبەری هەڵبژاردەی نیشتیمانیی کۆریای باشوور و یانەی نۆرویچ سیتیی پلە دووی خولی ئینگلیزییە. تائێستا یانەکەی هیچ بەیاننامەیەکی لەسەر سڕکردنی دەرنەکردووە.
یۆرگن کلینسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی کۆریای باشوور رایگەیاند، "من لە دۆخەکە تێدەگەم و رێزی بڕیارەکەی فیدراسیۆن دەگرم. تاوەکو هەموو شتێک نەسەلمێندرێت، بڕوا بەو تۆمەتە ناکەم".
هەڵبژاردەی کۆریا، خۆی بۆ جامی ئاسیا ئامادە دەکات کە بڕیارە لە 12-1-2024 لە قەتەر بەڕێوەبچێت.