مردن بەهۆى لافاوى وڵاتانی باشوورى رۆژهەڵاتی ئاسیاوە 300 کەسى تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى دوایین داتاى دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیزیا، تایلاند و مالیزیا، گیانلەدەستدان لەو وڵاتانە لە ئەنجامی لافاو و رۆچوونى زەوییەوە 300 کەسى تێپەڕاند.
دواى چەندین رۆژ لە بارانى بەخوڕ، دروستبوونی لافاو و رۆچوونى زەوی لەو سێ وڵاتە، هەزاران کەس لە کۆمەڵگەکانیان دابڕاون و بێسەروشوێنن؛ هەروەها زۆرێکی دیکە لە سەربانەکانى خانوو و شوقەکانیان و لە بەرزاییەکان گیریانخواردووە.
لە ئیندۆنیزیا، دوورگەى سوماترا زۆرترین زیانى بەرکەوتووە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەڵێن، بە ئەستەم دەتوانن بەو شوێنانە بگەن کە بەر لافاوەکە کەوتوون.
بەگوێرەى ئامارەکانى دەسەڵاتە خۆجێییەکان، ژمارەى ئەوانەى تائێستا بە لافاو و رۆچوونی زەوی لە وڵاتەکە مردوون گەیشتوەتە سەروو 200 کەس.
ئیلهام وەهاب، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتیی سرووشتیی هەرێمی سوماترا دەڵێ: "61 مردنی دیکە پستڕاستکرانەوە، گەڕانیش بەدواى 90 کەسی دیکە بەردەوامە."
لە باکوورى هەرێمەکەش، 116 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ لە پارێزگاى ئاجیهى وڵاتەکەش 35 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە تایلاند، زریان و لافاو زۆرترین زیانیان لە باشوورى وڵاتەکە داوە.
تائێستا تەنیا لە باشوور، سەروو 145 کەس گیانیان لەدەستداوە و زۆرترینیان لە پارێزگاى سۆنگلەن کە بەگوێرەى لێدوانى دەسەڵاتدارانى ئەو ناوچەیە، بەهۆى زۆرى ژمارەى مردووان، نەخۆشخانەکان شوێنیان نەماوە.
لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتانە پێشبینییان دەکرد بڕی بارانەکە دابەزێ و رۆژ دواى رۆژ کەمتربێتەوە، بەڵام بەگوێرەى ئامارەکانى کەشوهەوا روو لە زیادبوونە.
لە مالیزیاش زۆرترین زیان لە باکوورى وڵاتەکە کەوتووە. لە ویلایەتى پێرلیس 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و بەشێکى خاکەکەیشى ژێرئاو کەوتووە. ژمارەى زیانلێکەوتووان لەو وڵاتە نزیکەی 30 هەزار کەسە.
وەرزی بارانبارینی ساڵانە کە بە شێوەیەکی گشتی لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوولدایە، زۆرجار بارانی بەخوڕی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و دەبێتە هۆی رۆچوونی زەوی و دروستبوونی لافاو.