هێرشەکەی واشنتن دەرگای پەنابەری لە ئەمریکا دادەخات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، حکومەتی وڵاتەکە هەموو بڕیارەکانی تایبەت بە پێدانی مافی پەنابەری هەڵدەپەسێرێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک ئەفغانستانی لە نزیک کۆشکی سپی تەقەی لە دوو ئەندامی گاردی نیشتمانی کرد.
هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی یەکێکیان، بووە هۆی دەستپێکردنی زنجیرەیەک رێوشوێنی تووندی نوێ دژی بیانییەکان و بە رەچەڵەک بیانییەکان لە ئەمریکا. ترەمپ بەڵێنی دا بە شێوەیەکی فراوانتر کۆچکردن لە "وڵاتانی جیهانی سێیەم"ەوە رابگرێت.
رۆژی هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025 جۆزێف ئیدلۆ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتیبوون و کۆچی ئەمریکا (USCIS) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئاژانسەکەی "هەموو بڕیارەکانی تایبەت بە پێدانی مافی پەنابەری بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە تاوەکو دڵنیادەبینەوە لەوەی هەموو بیانییەک وردبینیی ئەمنیی وردی بۆ دەکرێت."
ئەو بڕیارە دوای راگەیێندراوەکەی درەنگانی رۆژی پێنجشەممەی ترەمپ هات کە تێیدا باسی لە پلانی "راگرتنی هەمیشەیی کۆچ لە هەموو وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە کرد بۆ ئەوەی سیستمی ئەمریکا بە تەواوی ببووژێتەوە."
وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژە بە لیستێک دەکات کە ناوی 19 وڵاتی تێدایە، لەنێویاندا ئەفغانستان، کوبا، هایتی، ئێران و میانمار. ئەم وڵاتانە لە مانگی حوزەیرانەوە رووبەڕووی سنووردارکردنی گەشتکردن بۆ ئەمریکا بوونەتەوە.
هاوکات مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی هەینی رایگەیاند، وڵاتەکەی بە شێوەیەکی کاتی دەرکردنی ڤیزەی بۆ هەموو ئەو کەسانە راگرتووە کە بە پاسپۆرتی ئەفغانستانی گەشت دەکەن.
رەحمانوڵڵا لەکانواڵ، تەمەن 29 ساڵ، ئەنجامدەری هێرشەکە، پێشتر ئەندامی "هێزێکی هاوبەش"ی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بووە کە لە ئەفغانستان دژی تاڵیبان شەڕیان کردووە.
ئەو هاووڵاتییە لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی نیشتەجێکردنەوەی تایبەت و دوای کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021، چووە ئەمریکا.
جینین پیرۆ، داواکاری گشتیی ئەمریکا لە واشنتن دی سی، رۆژی هەینی رایگەیاند، لەکانواڵ بە تۆمەتی کوشتن و چەند تۆمەتێکی دیکە لەسەر هێرشەکە دادگایی دەکرێت.