چوارەم ئەندامی باندێک لەسەر دزییەکەی مۆزەخانەی لۆڤەر بە تۆمەتبار ناسێندرا
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی فەرەنسا رایگەیاند، چوارەم ئەندامی ئەو باندەیان تۆمەتبار کردووە کە مانگی رابردوو گەورەترین دزییان لە مۆزەخانەی لۆڤەر کرد و خشڵ و زێڕیان برد.
رۆژی هەینی، داواکاری گشتیی پاریس وردەکاریی دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا کرد.
رووداوەکە 19ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ روویدا. باندەکە بە رۆژی رووناک و تەنیا لە حەوت خولەکدا چوونە نێو بەناوبانگترین مۆزەخانەی جیهان و بە بەهای 102 ملیۆن دۆلار خشڵ و گەوهەریان دزی و بە سکووتەر هەڵاتن.
لۆر بێکوا، داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، تۆمەتباری چوارەم پیاوێکی تەمەن 39 ساڵە و لەدایکبووی ناوچەی سێن سان دێنیسـی دەوروبەری پاریسە.
بێکوا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەم پیاوە پێشتر شەش جار سزادراوە و لای دادگەکان بە تاوانی جۆراوجۆری وەک بەڕێوەبردنی کاری لەشفرۆشی، لێخوڕین بەبێ مۆڵەت و وەرگرتنی کەلوپەلی دزراو ناسراوە."
دوایین ئەندامی باندەکە رۆژی سێشەممە لە کارگەیەکی بیناسازی لە شاری لاڤالـی رۆژئاوای فەرەنسا دەستگیرکراوە. ئێستا هەر چوار ئەندامی باندەکە دەستگیرکراون و تۆمەتی "دزیی رێکخراو" و "پیلانگێڕی بۆ تاوان"یان ئاراستە کراوە.
لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی رۆڵی هەر یەکێک لە ئەندامانی باندەکە بەردەوامە.
دزەکان بەرزکەرەوەیەکیان بردبوو کە پەیژەکەی درێژ دەبێتەوە و لەژێر گەلەریی ئەپۆلۆ رایانگرتبوو کە خشڵی خێزانی ئیمپراتۆرەکانی فەرەنسای لێیە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەوان بە پەیژەکە سەرکەوتوون، پەنجەرەیەکیان شکاندووە و بە کۆسەرە شووشەی ئەو جامخانەیەیان بڕیوە کە خشڵ و گەوهەرەکانی تێدا نمایش بووە.
سێ تۆمەتبارەکەی دیکە تەمەنیان 35، 37 و 39 ساڵە. دووانیان چوونەتە ژوورەوە و دووانیان لە دەرەوە چاودێرییان کردووە.
لەکاتی هەڵاتندا، دزەکان تاجێکیان لەدەست کەوتووەتە خوارەوە کە هی ئیمپراتۆر ئۆجینی، هاوژینی ناپلیۆنی سێیەم بووە و بە ئەڵماس و زومرود نەخشێنراوە.
بەڵام توانیویانە هەشت پارچەی گرانبەهای دیکە ببەن، لەنێویاندا ملوانکەیەکی ئەڵماس و زومرود کە ناپلیۆنی یەکەم پێشکێشی هاوژینی دووەمی، ئیمپراتۆر ماری لویسـی کردبوو.
تاوەکو ئێستا زێڕەکان دیار نین و ئەوانەشی فەرمانی دزییەکەیان داوە دەستگیرنەکراون.
میدیای فەرەنسا بڵاویکردەوە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان گوتوویەتی لەلایەن دوو پیاوەوە بەکرێ گیراون و پێیانگوتوون گرێبەستەکە بۆ بڕینی نووسینگەیەکی بازرگانیی ئاساییە، نەوەک مۆزەخانە.
ژنێکی تەمەن 38 ساڵیش کە هاوژینی یەکێک لە دزەکانە، بە تۆمەتی هاوبەشیکردن لە تاوان دەستگیرکراوە و بە کەفالەت ئازاد کراوە.
لۆرێنس دێس کارس، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی لۆڤەر بەڵێنی داوە رێوشوێنی ئەمنی تووندتر بکات، لەوانە دانانی پۆلیس لەنێو مۆزەخانەکە و جێگیرکردنی 100 کامێرای نوێی چاودێری.