چیرۆکی سەرکەوتنی پارێزەرێکی کورد لە بەریتانیا؛ لە شووشتنی ئۆتۆمبێلەوە بۆ پارێزەرێکی نێودار
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو تیمی دیاسپۆرا لە بەریتانیا بوون و بەرنامەکە تایبەت کرابوو بە دۆخ و گوزەران و نێوبانگی کوردی بەریتانیا، هەروەها ئەو گەنگەشەیەی لەوێ کرا لەسەر تاوانی رێکخراو لەنێو دیاسپۆرانشینانی ئەوێ، دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
ئەمجارە پارێزەرێکی سەرکەوتوو دەناسێنین، کە لە بەریتانیا بە کاری شووشتنی ئۆتۆمبێل دەستپێدەکات و ئێستا لە بواری تاوانناسی و بەرەنگاربوونەوەی تاواندا بووەتە کەسێکی کاریگەر و سەرکەوتوو لەو وڵاتە. ئەو ئێستا لە کۆمپانیا یاساییەکەی یارمەتیی گەنجانی دیکەی کورد دەدات، بۆئەوەی ئەوانیش بتوانن ببنە پارێزەری سەرکەوتوو لە بەریتانیا.
نزار وەیسی، پارێزەر لە کۆمپانیای رەشید لۆو دەڵێت، "زۆربەی ئەو کەیسانەی کاریان لەسەر دەکەم، کەیسی بزنس ئیمیگرەیشنن، کەیسی تاوانە، کەیسی کۆنتراکتی نێودەوڵەتییە، دەشتوانم ئامۆژگاری یاسایی بم لە هەموو بوارەکانی یاسادا، بەتایبەت لەو بوارانەی کۆمپانیای خۆمان ئیشی لەسەر دەکرد."
ئەو پارێزەرە کوردە لە بەریتانیا گوتیشی، "زۆربەی ئیشەکانمان لێرەوە، لەم ئۆفیسەوە جێبەجێ دەکرێت، کە پێکهاتووین لە چەند ستافێکی بەڕێز و کاریگەر. دەتوانم خۆشبەختانە بڵێم، دوو لەوانە یاریدەدەری یاسایی خۆمن، کە یاسا دەخوێنن لە کۆتا ساڵەکانی خوێندنیانن، ئەوانیش بەو قۆناخەی من پێیدا تێپەڕیوم، پیایدا تێدەپەڕن و کوردن."
ئایدە موزەفەر، خوێندکاری یاسا دەڵێت، "ئەو شتەی لە زانکۆ خوێندوومە بەڕاستی لەگەڵ ئەو شتەی کە کاک نزار منی راهێناوە لەسەر کارەکەم، زۆر زۆر جیاوازە. جیاوازیەکە نەک لە بواری مانایی و لە بواری یاساییەکەوە، جیاوازییەکە لە بواری پراکتیکاڵەکەیەوەیە، کە ئێمە تیۆری دەیخوێنین، راستە، بەڵام بۆئەوەی ئەزموونێکت هەبێت، بەڕاستی پێویستیت بە کەسێکی وەکو کاک نزارە، هەم دڵسۆز و هەم کەسێکە کە لە هەموو بوارەکانەوە بتوانێت بە باشترین و بە ماناترین وشە و رستەکان تۆ بتوانی ببی بە پارێزەرێک لە ئایندەدا."
لانە گوڵ، خوێندکاری یاسا گوتی، "کاک نزار هاوکاریم دەکات و زۆر شتێکی جوانە کە من توانیومە ئێرە بدۆزمەوە لەگەڵ کاک نزار، چونکە وۆرک ئێکسپێریەنس بەڕاستی زۆر قورسە بیدۆزیتەوە، زۆر کەس بەدوایدا دەگەڕێن، بۆئەوەی کە دوای زانکۆ تەواوی دەکەیت تاقیکردنەوەی SQE دەکەیت، بەڵام SQE دەبێت دوو ساڵ ئیش بکەی وەکو ئەزموونت هەبێت، ئەوەت نەبێت دەبێت دوایی کە زانکۆت تەواو کرد ئەو دوو ساڵە بکەیت، منیش لێرە لەگەڵ کاک نزار هاوکاریم دەکات، لێرە زۆر شت فێر بووم."
دایک و باوکی نزار وەیسی تەوێڵەیین، ئەو دەڵێت، "پەروەردەی دەستی دایک و باوکێکی زۆر هیلاک و زۆر پەروەردە جوان بوو، دەتوانم بڵێم زۆر باشیان بەخێو کردم، سوپاسیان دەکەم، لە سلێمانی گەورە بووم لە گەڕەکە جوانەکەی ئاشتی کە یەکێکە لە گەڕەکە جوانەکانی شار، تاوەكو ئێستاش دەتوانم بڵێم زۆربەی بیرەوەرییەکانم لەو شارە جوانەیە."
لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکی خۆیدا نزار وەیسی گوتی، "وڵاتی خۆمم بەجێهێشت وەکو پەنابەر گەیشتمە ئەم وڵاتە، هەڵبەتە بە قۆناخەکانی پەنابەریدا تێپەڕیم، دەتوانم بڵێم ئێستا ناتوانم بڵێم بەداخەوە، دەتوانم بڵێم ئەو کاتە بەداخەوە کە چەند مافێکی خۆمم لەدەستدا بەوەی کە داواکارییەکانم رەتکرایەوە، تاوەكو وەکو داواکاریی پەنابەرییەکانم رەتکرایەوە، تاوەكو گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئیتر تەنانەت لە دادگاکانیش هیچ ئاسۆیەکمان نەمابوو، تەرد و رەفزـمان هەبوو، لە دوای ئەو تەرد و رەفزە، بڕیارێک هات کە پێیان دەوت ئاوتساید ئیمیگرەیشن رووڵس (لە دەرەوەی یاساکانی پەنابەری)، با بڵێین من هەموو جارێک دەیکەم بە گاڵتەئامێز دەڵێم وەکو خێرخوازییەک وەڵامیان دایەوە بەو کەسانەی کە ساڵانێک بوون لێرە بوون."
هەروەها باسی لەوەش کرد، "لە دوای ئەوەی کە تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی و تاقیکردنەوەی ژیان لە بەریتانیا ئەوەت هەیە، دەتوانی داوای وڵاتینامە بکەی، ئەوەم کرد، ئینجا لەوێوە کەوتمە ئەوەی کە چی بکەم؟ بۆچی هاتوومەتە ئەم وڵاتە؟ بەرنامەیەک بۆ ژیانی خۆم دانێم، خۆشبەختانە ئەو بەرنامەیەم هەڵبژارد کە بچمەوە زانکۆ بخوێنم، ئاسانیش نییە یەکسەر لە وڵاتێکدا کە لێرە لەدایک نەبووی تۆپیکێک هەڵبژێری ئەی تیایدا بخوێنی، زیاتر دەتوانم بڵێم حەزم لە یاسا بوو زۆر و حەزیشم لە کریمینۆلۆجی بوو، خۆشبەختانە لە هەردوو بوارەکەدا خوێندم."
نزار وەیسی درێژەی بە قسەکانی دا و باسی لەوە کرد، "قوربانییەکی زۆری دەویست، چوار ساڵەم پێچوو تاوەکو خوێندنم تەواو کرد، بەڵام هەر ئەو چوار ساڵە نییە کە تۆ دەخوێنیت، لەبەر ئەوەی یاسا لێرە تەنیا ئەوە نییە تۆ کۆلێجی یاسا تەواو کەیت و ئۆتۆماتیکی بی بە پارێزەر، بە کۆمەڵێک قۆناخی تردا تێدەپەڕی، شەهادەی دیکە هەیە ئەبێ بیخوێنی بۆ ئەوەی بتوانی وەکو پارێزەرێک لە شوێنێکدا، ئیتر ئایا ئەو دەزگایە حکومی بێت، خۆشبەختانە من حکوومی بوو کە دەزگایەک لەوێوە سەرەتاکانی کاری یاساییم دەست پێکرد، لە دوای ئەوە وردە وردە دوو ساڵێکی پێچوو هەتاوەکوو با بڵێین متمانەیەکم پەیدا کرد، متمانەی ئیشکردن، نەک متمانەی با بڵێین گشتی خۆمان."
"لەو کاتانەدا وەکو ئێستا نەبوو کوردانی دانیشتووی ئەم وڵاتە خاوەنی بزنسی خۆیان بن و یاخود پێگەیەکی باشیان هەبێت بتوانین لە لای کەسێک ئیش بکەی... هەبوو نەبوو، رێپێدانێکی کارکردنیان دابووینێ ئەویش وەرەقەیەکی زۆر ئاسایی بوو لە زۆر شوێن وەریان نەدەگرتی، من دەتوانم بڵێم لە کاری ئۆتۆمبێل شووشتنەوە، لە کار ۆش و پۆلیش، دەستمپێکرد، بەڵام سەربەرزانە ئیشی خۆمەم دەکرد و ئێوارانیش لە دوای ئەو کاری ئۆتۆمبێل شووشتنە شتنە لە کۆلێجەکان زمانم دەخوێند، لێو ناشارمەوە ئەو کۆرسانەی کە خوێندم زۆر یارمەتیدەرم بوون لە کاتی خوێندندا، قەت لەبیرم ناچێت یەکێک لەو کۆرسانەی کە کردم کۆرسی سکوێریت" بوو، کە لەو کاتانەی کە تەلەبەی زانکۆ بووم من تەنیا دەمتوانی هەینی و شەممە و یەکشەممە ئیش کەم، کە لە زۆربەی ئیڤێنتەکانی بۆکسێن، لە زۆربەی ئیڤێنتەکانی فوتبۆڵ، لە ئیڤێنتەکانی تر من ئەو سێ رۆژە ئیشم دەکرد پارەیەکی باشم پەیا دەکرد، وەکو بۆدیگاردێکیشم دەکرد و هەروەها وەکو سەرپەرشتیاری سکیوریتییەکان یان بۆدیگاردەکانی ئیڤێنتێک، چونکە کۆرسی کراود کۆنترۆڵـم خوێندبوو، با بڵێین کۆنترۆڵکردنی قەرەباڵخی، بەڵێ کۆنترۆڵکردنی قەرەباڵغی کە یەکێکە لە چەمکەکانی ئەمنیەت لە رووی پاراستنی کەسایەتییەوە، و خۆشبەختانە چەندین و چەندین کەسانی بەناوبانگی ئەم وڵاتەشمان کردووە پێویست ناکات لێرەدا ناوەکانیان بهێنین،" ئەمەش بەشێکی دیکەی چیرۆکی ژیانی نزار وەیسی بوو کە خۆی گێڕایەوە.
نزار وەیسی ئامۆژگاریی ئەو کەسانە دەکات کە دەچنە ئەو وڵاتە و دەڵێت، "تاوەكو دەتوانن دوورکەونەوە لە یاساشکێنی، تاوەكو دەتوانن خۆتان پێبگەیەنن لەڕووی یاساییەوە، لەبەر ئەوەی دەزانم کات دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر تۆ سەیری بکەی، 10 ساڵی تەمەنت بەردەوام خۆت هیلاک دەکەیت، هیچ کەسێک یەک رۆژی هیلاکبوونی ئەو دە ساڵەی تەمەنت نابینێت، بەڵام رۆژێک لە رۆژان ئەگەر بتبینن بە سەرکەوتوویی، ئەو رۆژە بەسە بۆ تۆ کە ئازاری ئەو دە ساڵەت لەبیر چێتەوە، ئەو کاتە زۆر خۆشە کە خەڵک پێت دەڵێ شانسی هەبووە، ئینجا راستیش دەکەن شانست هەبوو لەبەر ئەوەی بەرگەی نەهامەتیت گرتووە، لەبەر ئەوەی بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ناخۆشییەت گرتووە، بۆیە رێگای سەرکەوتن ئاسان نییە، هەندێ جاریش بتەوێت رێگای کورت بگریت، کورت دەهێنیت، ئەگەر سەرکەوتنیش بێت بۆ ماوەیەکی کەم سەرکەوتوو دەبیت."