مارک ساڤایا: دوورخستنەوەی چەک لە سیاسەت تاکە رێگەی بنیاتنانی عێراقێکی بەهێزە
رووداو دیجیتاڵ
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، لە پەیامێکی توونددا هۆشداری دەداتە بەغدا و رایدەگەیەنێت، مانەوەی عێراق وەک "وڵاتێکی کاریگەر" لە ناوچەکەدا، بەندە بە "چارەسەرکردنی یەکجارەکیی" دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادپەروەری.
ئەم قسانەی ساڤایا کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ئەرکە نوێیەکەی دەستنیشانکراوە، تەنیا چەند هەفتەیەک دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 11ی تشرینی دووەمی عێراق دێن. ئەم قسانە هاوکاتن لەگەڵ تووندتربوونی هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سنووردارکردنی ئەو هەژموونەی ئێران کە لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە لە عێراق هەیەتی، کە ژمارەی چەکدارەکانی بە زیاتر لە 200 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت و ساڵی 2024 زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلار بودجەی لەلایەن عێراقەوە بۆ تەرخان کرابوو.
"دەرفەتێکی مێژوویی بۆ عێراق"
مارک ساڤایا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە وێنەیەکی خۆی و دۆناڵد ترەمپی لە نووسینگەی هێلکەیی کۆشکی سپی لەگەڵ هاوپێچ کردووە، نووسیویەتی: "عێراق ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ئەم لاپەڕەیە دابخات و وێنەی خۆی وەک دەوڵەتێک نیشان بدات کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا بنیاتنراوە، نەک هێزی چەک."
نێردەکەی ئەمریکا دەشڵێت: "هیچ ئابوورییەک گەشە ناکات و هیچ هاوبەشییەکی نێودەوڵەتی سەرکەوتوو نابێت لە ژینگەیەکدا کە سیاسەت تێکەڵ بە هێزی نافەرمی کرابێت."
ئەم لێدوانانەی ساڤایا لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەستی پێکردووە. ساڤایا کە بازرگانێکی ئەمریكی بە رەچەڵەک کلدانی ئاشوورییە، پێشتریش هۆشداریی دابوو لەبارەی دەستوەردانی دەرەکی و لە راگەیێندراوێکدا لە 21ـی ئەم مانگەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە واشنتن "قبووڵی ناکات و رێگە نادات" لایەنی دەرەکی بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسیی عێراق بدات.
نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە فراوانبوونی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی
لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراقدا لایەنە شیعەکانی داکۆکیکار لە حەشدی شەعبی، ژمارەیەکی بەرچاو کورسییان بەدەستهێنا. بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، لەوانەش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە بەرامبەر بەو رەشنووسی یاسایانەی کە دەکرێت حەشدی شەعبی وەک هێزێکی سەربەخۆ بچەسپێنن، کە بەگوتەی ئەوان دەبێتە هۆی "بە دامەزراوەیکردنی هەژموونی ئێران".
پێشتر لەژێر گوشاری ئەمریکادا، بەغدا پڕۆژەیاسایەکی کشاندەوە کە دەسەڵاتەکانی حەشدی شەعبی فراوانتر دەکرد، هەنگاوێک کە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بە "هێرشکردنە سەر مقاوەمەی نیشتمانی" ناویان بردبوو.
هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و پەیامی تووندی ساڤایا
رۆژی 27ـی تشرینی دووەم، ساڤایا هێرشە درۆنییەکەی سەر کۆرمۆری سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، ئەوە کاری "گرووپە چەکدارە نایاساییەکانە کە بە ئەجێندای دەرەکی کاردەکەن."
هێرشەکە کە بووە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز و وایکرد کە ساڤایا بەڵێنی پاڵپشتیی تەواوی ئەمریکا بۆ لێپرسینەوە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی بدات.
گوشارە ئابووری و ئەمنییەکان
لە مانگی کانوونی دووەمەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە گفتوگۆکانی "چەککردنی میلیشیاکان" کردووە و راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 20 هەزار چەکدار بەشێوەیەکی ناوەکی خراونەتە سەر حەشدی شەعبی.
ساڤایا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "پێویستە پابەندبوونێکی بەهێز و هەنگاوی کردەیی هەبێت بۆ دوورخستنەوەی چەک لە سیاسەت".
ئەو دەڵێت: "عێراق لەبەردەم دووڕیانێکی هەستیاردایە. یان دەتوانێت بەرەو دامەزراوەی خاوەن توانا بۆ چەسپاندنی یاسا و راکێشانی وەبەرهێنان هەنگاو بنێت، یانیش دەکەوێتەوە نێو هەمان گێژاوی ئاڵۆزی کە بۆ هەمووان بووەتە بارگرانی."