سپەیس ئێکس رۆبۆتێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەباتە بۆشایی ئاسمان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و کۆمپانیای سپەیس ئێکس بە هاوبەشی مووشەکێکیان بۆ "چەند توێژینەوە و تاقیکردنەوەیەکی زۆر گرنگ" کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەخۆ دەگرێت بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵدا.
رۆژی هەینی، 29-12-2023، کۆمپانیای سپەیس ئێکس کە لەلایەن ئیلۆن مەسکی خاوەن تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە خاوەندارێتیی دەکرێت، مووشەکێکی بەناوی فاڵکۆن هێڤی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد و رایگەیاند، "بۆ چەند توێژینەوەیەکی گرنگ هەڵدراوە."
مووشەکە بێستافەکە لە ناوەندی ئاسمانیی کێنەدیی سەر بە ئاژانسی ناسا لە فلۆریدا هەڵدرا و لە وێبسایتی فەرمی سپەیس ئێکس بە راستەوخۆ ساتی هەڵدانەکە گوێزرایەوە.
تائێستا نە کۆمپانیاکە و نە حکومەتی ئەمریکا ئاشکرایان نەکردووە ئەو مووشەکە، کە حەوتەمجارە هەڵدەدرێت، بەرەو کوێی بۆشایی ئاراستەکراوە.
Liftoff! pic.twitter.com/wTmY1h7ogp
— SpaceX (@SpaceX) December 29, 2023
بەگوێرەی وەزارەتیی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، دەبوو ئەو مووشەکە لە 7-12-2023 هەڵبدرێت، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە دواخرا و دواتریش بەهۆی کێشەی تەکنیکی دواخرا. مووشەکەکە چەندین توێژینەوە و تاقیکردنەوەی گرنگ دەکات.
بەشی فەرمانگەی توانا خێراکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا (RCO) بڵاویکردەوە، ئەم تاقیکردنەوانە بریتین لە کارپێکردنی ئەو فڕۆکە ئاسمانییانەی کە دەتوانێت دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، هەروەها لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەرییەکانی تیشکدانەوە لەسەر ئەو مادانەی کە لەلایەن ناساوە دابینکراون.
بەگوێرەی پێنتاگۆن، مووشەکی فاڵکۆن هێڤی هەڵگری فڕۆکەی رۆبۆتی بۆینگ ئێکس-37ـە کە تاقیکردنەوە و توێژینەوەکان دەکات و دەتوانێت 26 هەزار و 700 کیلۆگرام کەلوپەل هەڵگرێت.
فڕۆکەکە خۆکارانە دوای تەواوبوونی توێژینەوەکانی دەگەڕێتەوە بۆ زەوی، پێشتر شەش جار بۆ ئەم مەبەستە هەڵدراوە و لە ساڵی 2010ـەوە کارایە و بە وزەی خۆر کاردەکات. لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکان، توێژینەوەی لەسەر کاریگەریی تیشکدانەوە لەسەر تۆوە جیاوازەکانی زەوی کرد.
مووشەکی فاڵکۆن هێڤی لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە بە تێچووی 500 ملیۆن دۆلار دروستکراوە و کاری پێدەکرێت. کێشی مووشەکەکە هەزار و 420 تۆنە و دەتوانێت 63.8 تۆن کەلوپەل لە بۆشایی ئاسمان هەڵبگرێت. درێژیی ئەو مووشەکە 70 مەترە و پانییەکەشی 12.2 مەتر.
سپەیس ئێکس ئەو مووشەکەی لە مانگی شوباتی 2018 تاقیکردەوە و تا ئێستا نۆ جار بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵدراوە و تێچووی هەر هەڵدانێک 97 ملیۆن دۆلار دەکەوێت.