لە کۆڵۆمبیا باندێکی بازرگانیکردن بە منداڵان دەستگیرکران

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆڵۆمبیا باندێک دەستگیر دەکرێت کە منداڵانیان بە بەهانەی دۆزینەوەی هەلی کار هەڵخەڵەتاندووە و دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر. 
 
لە شاری کوکوتایە لە باکووری رۆژهەڵاتی کۆڵۆمبیا پۆلیس هەڵدەکوتێتە سەر خانووی باندێک کە تۆمەتبارن بە سێکسکردن لەگەڵ منداڵان و بازرگانیکردن بە ڤیدیۆی سێکسییەوە. 
 
کۆلۆنێل خوان پابلۆ، بەڕێوەبەری پۆلیسی نیشتمانیی کۆڵۆمبیا دەڵێت، "پۆلیسی نیشتمانی هۆشداریی دەداتە سەرپەرشتیاران و دایکوباوکان کە لە کاتی پشوودا ئاگاداری منداڵەکانیان بن. ئێمە پاڵنەرێکی زۆر بەهێزمان هەیە بۆ ئەم هۆشدارییە."
 
پۆلیس دەڵێت، ئەو باندە لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە منداڵەکانیان هەڵخەڵەتاندووە و بەرەو ماڵەکانی خۆیان رایانکێشاون، بۆ ئەوەی بۆ سێکسکردن و بازرگانی بەکاریان بهێنن.
 
بە گوتەی پۆلیس، ساڵێکە کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکرێت و تا ئێستا 11 کەس دەستگیرکراون.
 
خوان پابلۆ لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەو باندە منداڵانی تەمەن 14 بۆ 17 ساڵانیان هەڵخەڵەتاندووە بەوەی کە کاریان پێدەدەن و لە چەند خانوو و شوێنێکی خۆیان بە پاساوی چاوپێکەوتنی کار، پێشوازییان لێکردووە. دواتر بە زۆرەملێ بەرەو چەند شوێنێکی دیکەیان بردوون و لەبەردەم کامێرا دەستدرێژیی سێکسییان کردوونەتە سەر و ڤیدیۆکانیان فرۆشتوونەتەوە."
 
بەگوێرەی پۆلیسی کۆڵۆمبیا، تا ئێستا 10 کچی خوار تەمەن 18 ساڵ لەو ئۆپەراسیۆنەدا رزگارکراون کە کەوتبوونە تەڵەی باندەکەوە.