ترەمپ و زیلینسکی لە رێککەوتن نزیک دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ و زیلینسکی رایانگەیاند، لە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگە سێ ساڵ و 10 مانگەکەی ئۆکراینا و رووسیا نزیکبوونەتەوە، "کێشەی دڕکاوی" ماوە. لەنێو ئەو کێشانەدا پرسی هەرێمی دۆنباس هەیە.
دوای کۆبوونەوەکەیان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، "زۆر نزیکبوونەتەوە" لە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، بەڵام لە هەمان کاتدا دانی بەوەدا نا چارەنووسی ناوچەی جێناکۆکی دۆنباس وەک پرسێکی سەرەکی بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
هەردوو سەرۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە دوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکە تایبەتەکەی ترەمپ لە "مار-ئا-لاگۆ" لە فلۆریدا، ئاماژەیان بە پێشکەوتن لە دوو پرسی هەرە ئاڵۆزی دانوستاندنەکانی ئاشتی کرد، ئەوانیش گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکراینا و دابەشکردنی ناوچەی دۆنباس بوو لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە رووسیا بە درێژایی جەنگەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی داوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، ترەمپ و زیلینسکی وردەکاریی کەمیان خستەڕوو و لەگەڵ ئەوەشدا وادەیەکیان بۆ کۆتاییهێنان بە رێککەوتنی ئاشتی دیاری نەکرد، هەرچەندە ترەمپ گوتی "له ماوهی چەند هەفتەیەکی کەمدا" روون دەبێتەوە ئایا دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ سەرکەوتوو دەبن یان نا. ئەو دەڵێ چەند "پرسێکی ئاڵۆز" لە بارەی پرسی خاک ماون کە دەبێت چارەسەر بکرێن.
لە بەرامبەردا، زیلینسکی رایگەیاند، رێککەوتن لەسەر گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکراینا کراوە، بەڵام ترەمپ کەمێک بە هەستیارییەوە باسی لەو پێشهاتە کرد و گوتی، "95٪ـی رێگەکەیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنیان بڕیوە و چاوەڕوان دەکات وڵاتانی ئەورووپا "بەشێکی گەورە"ـی ئەو ئەرکە بە پشتیوانیی ئەمریکا بگرنە ئەستۆ.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە دوای کۆبوونەوەکەی ترەمپ و زیلینسکی رایگەیاند، "پێشکەوتن لە پرسی گەرەنتییە ئەمنییەکاندا بەدەست هاتووە." ماکرۆن گوتیشی، وڵاتانی هاوپەیمانانی ئۆکراینا لە سەرەتای مانگی یەک لە پاریس کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری کۆنکرێتی یەکلابکەنەوە.
پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ، زیلینسکی رایگەیاندبوو، هیوادارە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئۆکراینا لە دۆنباس، گۆڕانکاریی تێدا بکات.
ئەو پێشنیازەی ئیدارەی ترەمپ هەمان داواکاریی رووسیایە و بە واتای دەستبەرداربوون لە هەندێک خاک دێت کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکراینادایە.
لە کاتێکدا مۆسکۆ پێداگری لەسەر گرتنی تەواوی دۆنباس دەکات، کیێڤ دەیەوێت نەخشەکە لەسەر هێڵەکانی ئێستای جەنگ جێگیر بکرێت.
هەردوو ترەمپ و زیلینسکی رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، داهاتووی دۆنباس یەکلایی نەکراوەتەوە، هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی گفتوگۆکان "بەرەو ئاراستەیەکی راست دەڕۆن."
ئەمریکا بۆ گەیشتن بە سازشێک، پێشنیازی "ناوچەیەکی ئابووری ئازاد"ی لەو ناوچەیە کردووە ئەگەر ئۆکراینا ناوچەکە جێبهێڵێت، هەرچەندە هێشتا روون نییە ئەو ناوچەیە لە رووی کردارییەوە کێ سەرپەرشتی دەکات.
ترەمپ گوتی: "پرسەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام زۆر نزیکبووینەتەوە. ئەوە بابەتێکی زۆر سەختە."
لە بەرامبەردا، زیلینسکی ئاماژەی بەوەدا هەر رێککەوتنێکی ئاشتی هەبێت دەبێت لەلایەن پەرلەمانی ئۆکرایناوە پەسند بکرێت، یان لە رێگەی گشتپرسییەوە بکرێت. ترەمپیش رایگەیاند ئامادەیە قسە بۆ پەرلەمانی ئۆکراینا بکات ئەگەر رێککەوتنەکە مسۆگەر بکات.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و پووتین پێش کۆبوونەوەکەی زیلینسکی
پێش گەیشتنی زیلینسکی و شاندەکەی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپ لە فلۆریدا، ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. لەبارەی ئەو پەیوەندییە، سەرۆکی ئەمریکا بە "بەرهەمدار" وەسفی کرد، هەروەها یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سیاسەتی دەرەوەی کریملین بە "دۆستانە" وەسفی پەیوەندییەکەی کرد.
ئوشاکۆڤ لە مۆسکۆوە رایگەیاند، پووتین بە ترەمپی گوتووە، ئهو ئاگربەستە 60 رۆژیەی لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و ئۆکرایناوە پێشنیاز کراوە، تەنیا جەنگەکە درێژە پێدەدات.
هەروەها یاریدەدەرەکەی کریملین گوتیشی "پێویستە ئۆکراینا بەبێ دواکەوتنی زیاتر" بڕیارێک سەبارەت بە دۆنباس بدات.
ترەمپ دەڵێت، ئەو و پووتین بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاژێر قسەیان کردووە. راشیگەیاند، سەرۆکی رووسیا بەڵێنی داوە هاوکاریی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا بدات، لەوانەش لە رێگەی دابینکردنی وزەی هەرزانەوە. ترەمپ گوتی "رووسیا دەیەوێت سەرکەوتنی ئۆکراینا ببینێت، ئەمە کەمێک سەیرە کە دەیبیستیت."
کاتێکیش ترەمپ ستایشی پووتینی دەکرد، زیلینسکی سەری لەقاند و زەردەخەنەیەکی کرد. ترەمپ گوتیشی دوای کۆبوونەوەکە لەگەڵ زیلینسکی، جارێکی دیکە پەیوەندی بە پووتینەوە دەکاتەوە.
کریملین پشتیوانی خۆی بۆ دانوستاندەکانی ترەمپ دەربڕی.
گفتوگۆکردن لەسەر وێستگەی ئەتۆمی
دانوستاندنکارانی ئەمریکا پێشنیازی کۆنترۆڵی هاوبەشیان بۆ وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا کردووە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، چاککردنەوەی هێڵەکانی کارەبا لەو وێستگەیە دەستیپێکردووە و داوای ئاگربەستێکی دیکەی خۆجێیان کردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، دانوستانکاران پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی وێستگەکە و "ئەوەش هەنگاوێکی گەورەیە" کە رووسیا دامەزراوەکەی بۆردوومان نەکردووە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی رووسیا، مۆسکۆ لەدوای ئەوەی هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، کۆنترۆڵی نزیکەی 12٪ـی خاکی ئەو وڵاتەی کردووە، لەوانە 90٪ـی دۆنباس و 75٪ـی ناوچەکانی زاپۆریژیا و خێرسۆن.
رۆژێک پێش گەیشتنی زیلینسکی بۆ فلۆریدا، هێزەکانی رووسیا بە سەتان مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر کیێڤ و ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینا، کە بووە هۆی بڕانی کارەبا و گەرمیی لە بەشێکی پایتەختدا.
زیلینسکی هێرشەکانی کۆتایی هەفتەی وەک وەڵامی رووسیا بۆ هەوڵەکانی ئاشتی بە نێوەندگیریی ئەمریکا وەسف کرد، بەڵام ترەمپ رۆژی یەکشەممە گوتی پێیوایە پووتین و زیلینسکی لەبارەی ئاشتییەوە جیدین.
دوای هێرشە ئاسمانییەکانی رۆژی شەممە پووتین رایگەیاند، مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە جەنگ ئەگەر کیێڤ هەوڵی ئاشتییەکی خێرا نەدات. رووسیا لە مانگەکانی رابردوودا بەردەوام لە مەیدانی جەنگدا پێشڕەویی کردووە و رۆژی یەکشەممە کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی دیکەی راگەیاند.
سەرکردەکانی وڵاتانی ئەورووپا لە رێگەی تەلەفۆنەوە بەشدارییان لە بەشێکی کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەدا کرد.
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی، "ئەورووپا ئامادەیە بەردەوام بێت لە کارکردن لەگەڵ ئۆکراینا و هاوبەشە ئەمریکییەکانمان." گوتیشی، "بوونی گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا بایەخێکی باڵای دەبێت."