نەتەنیاهوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی غەززە لە فلۆریدا لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە، لە فلۆریدا، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا گوشارەکانی زیاد کردووە بۆ دەستپێکردنی قۆناخی داهاتووی پلانی ئاگربەستی غەززە.
 
ئەم کۆبوونەوە گرنگە لە هاوینەهەواری "مارالاگۆ"ی تایبەت بە ترەمپ بەڕێوەدەچێت.
 
هەندێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی ترسیان هەیە لەوەی ئیسرائیل و حەماس لە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکەیان خاوەخاو بکەن. 
 
کە پێشتر رایگەیاندبوو نەتەنیاهوو خۆی داوای گفتوگۆکانی کردووە، پەرۆشە بۆ ئەوەی هەر لەیەکەم مانگی ساڵی نوێ دا، پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکراتی فەڵەستینی بۆ غەززە و جێگیرکردنی هێزێکی سەقامگیریی نێودەوڵەتی رابگەیێنێت.
 
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، بڕیارە هەردوو سەرکردە کاژێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ کە دەکاتە 9:00ی شەو بە کاتی هەولێر کۆببنەوە.
 
شۆش بێدرۆسیان، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل گوتی، نەتەنیاهوو گفتوگۆ لەسەر قۆناخی دووەم دەکات، کە بۆ ئیسرائیل بریتییە لە دڵنیابوونەوە لەوەی "چەک لە دەستی حەماس دەردەهێنرێت و غەززە لە چەک دادەماڵدرێت".
 
بەڵام نەتەنیاهوو لە پێنجەمین کۆبوونەوەی ساڵی 2025یدا لەگەڵ ترەمپ لە ئەمریکا، هەوڵ دەدات سەرنجەکە بۆ سەر ئێران بگوازێتەوە.
 
میدیای ئەمریکا باس لەوە دەکات کە نەتەنیاهوو گوشار دەکات بۆ ئەوەی ئەمریکا هێرشی زیاتر بکاتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.
 
بێدرۆسیان پێش گەشتەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، نەتەنیاهوو باس لەو "مەترسییە دەکات کە ئێران نەک تەنیا بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکو بۆ ئەمریکاش دروستی دەکات".
 
سەردانەکەی نەتەنیاهوو دوای چەند رۆژێکی پڕ لە جموجۆڵی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی دێت لە پام بیچ، کە تێیدا ترەمپ رۆژی یەکشەممە میوانداری ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، هاوتا ئۆکراینییەکەی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ رووسیا.
 
ئاگربەستەکەی غەززە کە لە تشرینی یەکەم دەست بە جێبەجێکردنی کرا، یەکێکە لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی ساڵی یەکەمی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات، بەڵام ئیدارەکەی و نێوەندگیرە هەرێمییەکان دەیانەوێت ئەو جموجۆڵە بەردەوام بێت.
 
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی جیهانیی ترەمپ و جارێد کوشنەری زاوای، سەرەتای ئەم مانگە لە مەیامی میوانداری بەرپرسانی باڵای قەتەر، میسر و تورکیایان کرد.
 
گێرشۆن باسکین، هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاشتیی "هاوپەیمانی بۆ دوو دەوڵەت" کە لە دانوستانە نهێنییەکان لەگەڵ حەماس بەشداربووە، کاتی کۆبوونەوەکەی نەتەنیاهووی بە "زۆر گرنگ" ناو برد.
 
باسکین بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "دەبێت قۆناخی دووەم دەستپێبکات". راشیگەیاند: "پێموایە ئەمریکییەکان درک بەوە دەکەن کە دواکەوتوون، چونکە حەماس کاتی زۆری هەبووە بۆ رێکخستنەوەی خۆی".
 
"بەرەو هیچ شوێنێک"
لە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەستەکەدا حەماس بارمتە زیندوو و مردووەکانی رادەست کردنەوە کە لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل گرتبوونی. حەماس هەمووانی گەڕاندووەتەوە جگە لە تەرمی یەک بارمتە. هەردوو لاش بانگەشەی پێشێلکاریی بەردەوامی ئاگربەست دەکەن.
 
بەپێی قۆناخی دووەم، دەبێت ئیسرائیل لە پێگەکانی لە غەززە بکشێتەوە و حەماس چەک دابنێت، کە ئەمەی دواییان خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکییە بۆ بزووتنەوە ئیسلامییەکە.
 
هاوکات دەبێت دەسەڵاتێکی کاتی ناوچە فەڵەستینییەکە بەڕێوە ببات و هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی (ISF) جێگیر بکرێت.
 
ماڵپەڕی ئەکسیۆس رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، ترەمپ دەیەوێت یەکەم کۆبوونەوەی "دەستەی ئاشتی"ـی غەززە بە سەرۆکایەتیی خۆی لە کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا لە مانگی کانوونی دووەم ساز بکات.
 
بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی خەریکە لە نەتەنیاهوو بێزار دەبن چوونکە هەوڵی دواخستنی پرۆسەی ئاشتیی دەدات.
 
یۆسی مێکێلبێرگ، شارەزای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پەیمانگەی چاتام هاوسی لەندەن دەڵێت: "تاوەکو دێت ئاماژەکان زیاتر دەبن کە ئیدارەی ئەمریکا لە نەتەنیاهوو بێزار دەبێت".
 
گوتیشی: "پرسیارەکە ئەوەیە چی دەکەن، چونکە قۆناخی دووەم ئێستا بەرەو هیچ شوێنێک ناچێت".
 
لای خۆیەوە، نەتەنیاهوو دەیەوێت لەگەڵ ترەمپ جەخت لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکاتەوە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیران لێیان دا، بەڵام ئیسرائیل ترسی هەیە تاران خەریکی بونیادنانەوەی بێت.
 
ئیسرائیل هەروەها بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر غەززە و لوبنان سەرەڕای ئاگربەست. پرسی سووریاش لە بەرنامەی کاردا دەبێت.
 
مێکێلبێرگ پێیوایە رەنگە نەتەنیاهوو هەوڵ بدات سەرنج لە غەززەوە بۆ سەر ئێران بگوازێتەوە لە کاتێکدا ئیسرائیل دەچێتە ساڵی هەڵبژاردنەوە.
 
ئەو شارەزایە لەبارەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە دەڵێت: "هەموو شتێک پەیوەستە بە مانەوە لە دەسەڵات".