رووسیا: ئۆکراینا هەوڵی داوە بە درۆن هێرش بکاتە سەر شوێنی مانەوەی پووتین

رووداو دیجیتاڵ
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێ، ئۆکراینا هەوڵی داوە هێرشبکاتە سەر شوێنی مانەوەی ڤلادیمیر پووتین لە هەرێمی نۆڤگۆرۆد. لاڤرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کردەوەیە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵوێستی مۆسکۆ لە بارەی هەر دانوستاندنێکی ئاشتی لە داهاتوودا دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، لاڤرۆڤ رایگەیاند، لە رۆژانی 28 و 29ـی کانوونی یەکەم، ئۆکراینا بە بەکارهێنانی 91 درۆنی دوورمەودا هەوڵی داوە شوێنی مانەوەی ڤلادیمیر پووتین لە هەرێمی نۆڤگۆرۆد بکاتە ئامانج. 
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی رووسیا، هەموو درۆنەکان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیەوە بە سەرکەوتوویی خراونەتە خوارەوە و هێرشەکە پووچەڵکراوەتەوە.
 
لاڤرۆڤ سەرکۆنەی هەوڵەکەی کرد و گوتی: "کاری بێباکانەی لەم جۆرە بێ وەڵام نامێننەوە" و هێرشەکەی بە "تیرۆری دەوڵەتی" ناوبرد کە ئامانج لێی تیرۆرکردنی سەرۆکی رووسیا بووە. 
 
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم رووداوە لەسەر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکە لە کاتێکدا ئەنجامدراوە کە گفتوگۆکان سەبارەت بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا لە ئارادان. 
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، مۆسکۆ لە دانوستاندنەکان ناکشێتەوە، بەڵام "بێگومان پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیدا دەکات."
 
لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە لێدوانێکدا ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە و بە "درۆیەکی ئاشکرا" ناوی برد. 
 
زیلینسکی رایگەیاند، کیێڤ هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشە نییە و گوتی، مۆسکۆ بەم سیناریۆیە هەوڵدەدات زەوینەسازی بکات و پاساو بۆ هێرشکردنە سەر باڵەخانە حکومییەکان و ناوەندە هەستیارەکان لە کیێڤ بهێنێتەوە.