لە برۆکسل سێ کەس بە چەقۆ بریندارکران
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی قەرەباڵخی لە وێستگەیەکی میترۆی نزیک کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵک و سێ کەسی بریندارکرد. هێرشکارەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا، کە بە گوێرەی شایەتحاڵەکان گەنجێکی تەمەن نزیک 30 ساڵانە.
سەرچاوەیەکی پۆلیس بە میدیای ئەوروپیی گوتووە، هێرشكارەکە "نەخۆشیی دەروونی هەیە." بە گوتەی پۆلیس، یەکێک لە بریندارەکان، بە تەندروستیی ناجێگیرەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، پێشانیدەدەن پۆلیس کەسێکی لە وێستگەی میترۆی "شومان" دەستگیرکردووە، وێنەیەکی دیکە پێشانیدەدات لە دەرەوەی وێستگەکە تیمە پزیشکییەکان چارەسەر بە پیاوێک دەدەن.
وێستگەی میترۆکە دەکەوێتە ژێر بارەگەی سەرەکیی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، کە دامەزراوەی خاوەن دەسەڵاتی جێبەجێکاری یەکێتییەکەیە.
هێرشەکەی پایتەختی سیاسیی یەکێتیی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردووش لە ئیسپانیا کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر دوو کەنیسە و لە ئەنجامدا کەسێکی کوشت.
هەر لە هەفتەی رابردوو، لە شەمەندەفەرێکی باکووری ئەڵمانیادا دوو کەس بە چەقۆ کوژران و 5ی دیکەش بریندارکران.