کلاودیا رۆت لەبارەی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان: لە ئەورووپا و ئەڵمانیا دەپرسین ئێوە لە کوێن؟

رووداو دیجیتاڵ
 
کلاودیا رۆت، سیاسەتڤانی دیاری ئەڵمانیا رەخنەی تووند لە بێدەنگیی وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەورووپا دەگرێ بەرامبەر ئەو هێرش و گەمارۆیانەی خراونەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت، "هەست بە ئازار و بێئومێدیی کورد دەکەم کە جارێکی دیکە ناپاکییان لێ کراوە." رۆت هۆشداریش دەدات کە شەپۆلێکی نوێی ئاوارە روو لە باشووری کوردستان دەکەن.
 
کلاودیا رۆت لە وەڵامی پرسیارەکانی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "بەڕاستی لە ئازار، خەم و بێئومێدیی زۆر لە کوردان تێدەگەم، کە هەمیشە و دیسانەوە ئەو هەستەیان هەبووە کە یان تەنیا جێهێڵدراون یان ناپاکییان لێ کراوە."
 
"کورد لەپێناو هەموو جیهان شەڕی کرد"
 
ئەو سیاسەتڤانە ئەڵمانییە ئاماژەی بەوە کرد، کورد نەک تەنیا بۆ سووریا و ناوچەکە، بەڵکو بۆ هەموو جیهان دژی تیرۆری داعش جەنگا و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە.
 
کلاودیا رۆت گەڕایەوە بۆ ساڵانی شەڕی کۆبانێ و گوتی: "من لەو رۆژانەدا لە دیوەکەی دیکەی کۆبانێ و لەسەر سنووری تورکیا بووم. ئێمە دەمانبینی خەڵک چۆن شەڕ دەکەن. لە مێردین لەگەڵ ئەحمەد تورک پێکەوە دەگریایین کاتێک تەرمی شەڕڤانان دەگەڕایەوە و دەمانگوت: جیهان لە کوێیە؟"
 
هاوپەیمانیی سوپا و هۆزە عەرەبەکان دژی کورد
 
سەبارەت بە دۆخی ئێستای مەیدانی، رۆت نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی کە ئێستا سوپای سووریا و سەرۆک هۆزە عەرەبەکان یەکیان گرتووە بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرنەوە کە کورد سەقامگیریی تێدا دروستکردبوون.
 
رۆت دەڵێت: "ئێستا کورد سەرکوت دەکرێن و بەتایبەتی کۆبانێ گەمارۆیەکی مەترسیدار دراوە و هیچ هاوکارییەکی پێ ناگات. لە لایەک سەربازانی تورک و لە لایەک سوپای سووریا هەن. من ئەو دیمەنە مەترسیدارەم بینی کە چۆن ژنان دەکوژرێن و لە نهۆمەکانەوە فڕێ دەدرێنە خوارەوە."
 
"شەپۆلێکی نوێی ئاوارە روو لە هەرێمی کوردستان دەکات"

 

کلاودیا رۆت هۆشداری دەدات لەوەی کە بەهۆی گەمارۆکانەوە خەڵک ناچار دەبن ماڵەکانیان جێبهێڵن و تاکە رێگەیەک مابێتەوە رووی تێبکەن، هەرێمی کوردستانە.
 
رۆت بە رووداوی گوت: "دەترسم شەپۆلێکی نوێی پەنابەران بەرەو باشووری کوردستان بڕۆن، چونکە ئەوە دوایین خاڵی کراوەیە کە هێشتا هاوکاریی لێوە دەگات."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی ئاڵا شاڵی و کلاودیا رۆت:
 
رووداو: راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد کە جیهان لە قۆناخێکی نوێی زلهێزەکاندایە. ئەورووپا لە کوێی ئەم قۆناخەدایە؟
 
کلاودیا رۆت: هیوادارم ئەورووپا زۆر بەهێزتر و یەکگرتووانەتر رایبگەیێنێت کە ئێمە رێگە نادەین سیستمی جیهانیی بنیاتنراو لەسەر بەهاکان، تەنانەت لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، بە شێوەیەکی سیستماتیک بڕووخێندرێ. ئێمە دەبینین هاوپەیمانێتیی نوێ هەن، بەناوی 'ئەنجوومەنی ئاشتی'. کاتێک سەیری ئەوانە دەکەم کە تێیدان، بەراستی پەیوەندییەکی زۆر کەمیان بە ئاشتییەوە هەیە. بیر دەکەمەوە ترەمپ چی دەکات، ئەوە چ دامەزراوەیەکە کە مرۆڤ دەبێت بە ملیاران دۆلار تێیدا جێگە بگرێ؟ پێم وایە ئەمە تەنیا بۆ شکاندن و رووخاندنی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەمە بۆ من جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە. ئەورووپا گەورەترین بازاڕی نێوخۆییە، ئەورووپا ئەندامی بەهێزی هەیە، بەڵام دەبێت ئەوان هێشتا زیاتر پێکەوە لە یەک هێڵدا بن و دەبێت نیشانی بدەن کە ئێمە لێرە پارێزگاری لە دیموکراسی، مافی مرۆڤ، شکۆی مرۆڤ، ئازادی و ئاشتی دەکەین.
 
رووداو: ئەوەی کوردی لە سەرانسەری جیهان نیگەران کردووە ئەوەیە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بەو تاوانانەی بەرامبەر کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێن، بە هەزاران کەس ئاوارە بوون. منداڵ و گەنج و پیر دەکوژرێن، بەڵام جیهان تەنیا تەماشا دەکات و ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکی روونی نییە و چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئەحمەد شەرع بێتە ئێرە و قسەی لەگەڵ بکەن. 
 
کلاودیا رۆت: بەڕاستی لە ئازار، خەم و بێئومێدیی زۆر لە کوردان تێدەگەم، کە هەمیشە و دیسانەوە و دیسانەوە ئەو هەستەیان هەبووە کە یان تەنیا جێهێڵدراون یان ناپاکییان لێ کراوە. دۆخێکی خراپە کاتێک سەیری ئەو شتانە دەکەم کە ئێستا لە سووریا روودەدەن. ئەوە کورد بوون، نەک تەنیا بۆ سووریا، نەک تەنیا بۆ ناوچەکە، بەڵکو بەڕاستی بۆ هەموو جیهان دژی تیرۆری ئیسلامی جەنگیان کرد، لە کۆبانێ دژی داعش شەڕیان کرد، ئەوانەی ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و زۆر کەس ژیانیان لەدەستدا. ئەوان تەنیا لەپێناو خۆیان نەجەنگان، ئەوان لەپێناو هەموومان جەنگان بۆ ئەوەی ئەم تیرۆرە ئیسلامییە دووربخەنەوە. دەزانم باسی چی دەکەم. من لەو رۆژانەدا لە دیوەکەی دیکەی کۆبانێ بووم، لە دیوی تورکیا، چەند مەترێک دوور بووم. مرۆڤ دەیتوانی لەسەر سنوورەوە ببینێت کە خەڵک چۆن شەڕ دەکەن. ئێمە لەگەڵ خەڵکێکی زۆر لەوێ بووین. ئێوارەکەی لە مێردین بووم، کاتێک تازە کوردەکان کە لە کۆبانێ شەڕیان کردبوو و کوژرابوون، تەرمەکانیان گەیشتە لای ئەحمەد تورک و ئێمە پێکەوە دەگریایین و دەمانگوت: 'جیهان لە کوێیە؟ کەی هاوکاریی کورد دەکات؟
 
لە ساڵانی رابردوودا، هەر کورد بوون کە توانییان لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بوو، دۆخێکی ئارام و ئاشتیخوازانە دروست بکەن و ئێستا ئەوان سەرکوتدەکرێن. ئێستا گەمارۆ دەدرێن، بەتایبەتی لە کۆبانێ، گەمارۆیەکی مەترسیدار، هیچ هاوکارییەکی پێ ناگات. لە لایەکەوە سەربازانی تورک، لە لایەکەی دیکە سوپای سووریا، هیچ رێگەیەک نییە. ئەمە مەترسیدارە، مرۆڤ ناکرێ تەنیا تەماشای بکات. لە لایەکی دیکەوە بەرەو باکووری رۆژهەڵات، پێشتر کۆمەڵێکی گەورەی خەڵک، پێم وایە زیاتر لە 150 هەزار کەس کەوتوونەتە رێ چونکە لەژێر هەڕەشەدان، چونکە سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەکان لەگەڵ سوپای سووریا یەکیان گرتووە و هەوڵ دەدەن ئەو شتانەی لەلایەن کوردەوە کۆنترۆڵ کرابوون، سەرلەنوێ دەستی بەسەردا بگرنەوە. ئەمە شتێکی خراپە و دەبێت لەوێ قسەیەکی زۆر روون بکرێ، قسەیەکی سیاسی، کە ئێمە دەمانەوێ هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی لە سووریا ئاشتی بێتە دی، بەڵام دەبێت هەموو پێکهاتە جیاوازەکان، کورد، عەلەوی، دروز بتوانن لە دەوڵەتێکی فرەنەتەوەییدا پێکەوە بە ئاشتی بژین. ئەوەی لەلایەن کوردەوە بنیات نرابوو، ئێستا دەڕووخێندرێ و زۆر لە کوردان پێشتر ژیانیان لەدەست داوە. من ئەو دیمەنە مەترسیدارەم بینی، کە چۆن ژنان دەکوژرێن، چۆن ژنان لە نهۆمەکانی سەرەوە فڕێ دەدرێنە خوارەوە، دەستدرێژیی سێکسی دیسان دەکرێتەوە. ئەمە ناکرێ بەم شێوەیە بێت. دەترسم شەپۆلێکی نوێی پەنابەران بەرەو باشووری کوردستان بڕۆن، چونکە ئەوە دوایین خاڵی کراوەیە کە هێشتا هاوکاریی لێوە دەگات. من زۆر بە روونی دەڵێم، مرۆڤ ناکرێ فەرشی سوور بۆ سەرۆکێک رابخات کە رێگە بەمە دەدات، بەڵکو دەبێت داوای لێ بکرێت کە رێککەوتن تەنیا وەک گوتار نەبێت، بەڵکو دەبێت ئاگربەستێک بکرێت، دەبێت ناسنامەی کولتووریی کوردان دانی پێدا بنرێ، نەورۆزیشی تێدایە، ئەو شتانەی گوتراون لەسەر کاخەز هەبن، نوێنەرایەتیی کورد لە حکومەت هەبێت، وەک جێگری وەزیری ناوخۆ، واتە ئەوان بە تەواوی دانیان پێدا بنرێت و بە یەکسانی بەشداری لە سووریای نوێ و ئاشتیخوازدا بکەن. بەڵام دەبێت ئەمە جێبەجێ بکرێ. ئێمە ئێستا شتێکی دیکە دەبینین، دەبینین سوپای سووریا پێشڕەوی دەکات. بینیمان دژی دروز، هەروەها شەڕی مەترسیدارمان لە حەلەب بینی، ئێستا گەمارۆدانی کۆبانێ دەبینین و ئەم هاوکارییە لەگەڵ سەرۆک هۆزە عەرەبەکان، و پێم وایە ئەمە بە تەواوی پێویستە کە تاوەکو ئەمە کۆتایی نەیەت، تاوەکو پابەندی رێککەوتنەکان نەبن، تاوەکو ئاگربەست نەبێت و کورد تێکەڵ بە سەرکردایەتیی سیاسیی سووریا نەکرێن، نابێت هیچ هاوکارییەکی راستەوخۆ بۆ بکرێت.
 
رووداو: وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەتوانێت زۆر شت بکات. ئایا لە بەرپرسیارێتیی ئەڵمانیادا نییە کە ئێستا هەڵوێستی روونتر بێت و هاوکاریی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بکات؟ لە کاتێکدا ئەورووپا دەیەوێت رۆڵێکی گرنگی هەبێت لە جیهاندا، ئەمە یەک ناگرنەوە. بەڕێزتان و فراکسیۆنەکەتان دەتانەوێ چی بکەن بۆ رۆژئاوا؟
 
کلاودیا رۆت: بەڵێ، لە راستیدا ئەورووپا بەهێزە، بەڵام دەبێت مرۆڤ بیەوێت بەهێز بێت. مرۆڤ نابێت چاوی خۆی دابخات،  نابێت مرۆڤ بە شێوەی هەڵبژاردن پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ببینێت. مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو کەسێکە، بۆ کوردانیش پەیڕەو دەکرێ. بڕوام وایە کە ئێمە وەک ئەڵمانیا بەرپرسیارێتییەکی زۆر تایبەتمان هەیە، چونکە کۆمەڵگەیەکی گەورەی کوردی لە وڵاتەکەمان هەیە. کوردی زۆرمان هەن کە دەترسن، ئازار دەچێژن، خەمبارن و دەڵێن: 'ئێوە لە کوێن؟ بۆچی ئێستا هاوکاریی ئازیزترین کەسەکانمان، خزمەکانمان ناکەن، تاوەکو چانسی ژیانیان هەبێت؟' و ئەم بەڵێنە، کە سووریا دەبێتە دەوڵەتێکی فرەنەتەوە و فرەچەشن کە تێیدا نوێنەرایەتیی یەکسان مسۆگەر کراوە، تا ئێستا سەیرە کاتێک لە هەمان کاتدا ئەوانەی دژی داعش شەڕیان کرد و قوربانیی گەورەیان دا، ئێستاش سوپای سووریا و سەرۆک هۆزە عەرەبەکان شەڕیان لەگەڵ دەکەن. من زۆر نیگەرانم کە دزەکردن یان هاوکارییەکی ئاشکرا لەگەڵ ئەوانەدا هەبێت کە لە زیندانەکان ئازاد کراون. ئەوان بەڕاستی تیرۆریستی ئیسلامی بوون کە ئێستا شەڕ دەکەن، بە ئاشکرا شەڕ دەکەن، دژی کوردیش. لەوێ دەنگێکی بەهێز، دەنگێکی ئەڵمانیی بەهێز و دەنگێکی ئەورووپیی بەهێز پێویستە.
 
بەڵێ، بەشێک لە سیاسەتی ئەڵمانیا هەیە، چ لە وەزیری ناوخۆوە بێت، چ لە حکومەتی فیدراڵەوە، کە دەیانەوێ ئەو وێنەیە نیشان بدەن کە ئێستا لە سووریا ئاشتی هەیە، هەموو کەس بەختەوەرە، هەموو شتێک باشە و لەبەر ئەوە هەموو ئەوانەی وەک پەنابەر لە سووریاوە هاتوونەتە ئەڵمانیا، دەتوانن بگەڕێنەوە. بەڵام ئەو وێنەیە راست نییە. لە سووریا ئاشتی نییە. شەڕی دڕندانە هەیە، کۆمەڵکوژی هەیە، گەمارۆدان هەیە، رێگریکردن لە گەیشتنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ خەڵک هەیە. بڕوام وایە ئەمە تەنیا لەو وێنەیەدا جێی نابێتەوە. ئەمە پێکهاتەیەکی سیاسەتی ناوخۆییە و بابەتێکی سیاسەتی ناوخۆیە، بەڵام کەمتر بەرپرسیارێتییەکی سیاسەتی دەرەوەیە.