ئەفریقای باشوور نوێنەری ئیسرائیل دەردەکات و 72 کاژێر مۆڵەتی پێدەدات


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەفریقای باشوور بڕیاریدا کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە وڵاتەکەی وەک "کەسێکی نەخوازراو" بناسێنێت و 72 کاژێر مۆڵەتی بۆ دیاریکردووە تاوەکو خاکی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت؛ هۆکارەکەشی بۆ "پێشێلکاریی دیپلۆماسی و بێڕێزیکردن بە سەرۆکی وڵات" دەگەڕێنێتەوە.
 
رۆژی هەینی 30-01-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەفریقای باشوور لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاری دەرکردنی ئاریێل سیدمان، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، ئەو و باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی "چەندین پێشێلکاریی گەورە"یان بەرامبەر نەریتە دیپلۆماسییەکان و سەروەریی ئەفریقای باشوور کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەفریقای باشوور، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو بڕیارە، بەکارهێنانی پلاتفۆرمە فەرمییەکانی ئیسرائیلە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ "بڵاوکردنەوەی هێرش و سووکایەتی" بەرامبەر سیریل رامافۆزا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور، حکومەتی ئەو وڵاتە وەکو "بێڕێزییەکی گەورە" بەرامبەر دامەزراوەی سەرۆکایەتی لێکی داوەتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بەمەبەست زانیارییەکانی لەبارەی سەردانی بەرپرسانی باڵای تەلئەڤیڤ بۆ ناوخۆی وڵاتەکە شاردووەتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئاگادار نەکردووەتەوە، ئەوەش بە "پێشێلکارییەکی روونی پەیماننامەی ڤیێنا و پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکان" ئەژمار کراوە.
 
هۆکاری زیاتر بوونی گرژییەکان لەنێوان هەردوولایەندا بەهۆی ئەوەیە، کە شاندێکی ئیسرائیلی بەبێ هەماهەنگی فەرمی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، سەردانی پارێزگای رۆژهەڵاتی کەیپیان کردووە. هەرچەندە ئامانجی سەردانەکە پێشکەشکردنی هاوکاری بووە لە کەرتەکانی ئاو، تەندروستی و کشتوکاڵ، بەڵام حکومەتی ئەفریقای باشوور وەک "هەوڵێک بۆ تێکدانی سەروەریی وڵاتەکە" سەیری هەنگاوەکەی کردووە.
 
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە، بەهۆی جەنگی کەرتی غەززە و جووڵاندنی دۆسیەی جینۆساید لەلایەن ئەفریقای باشوورەوە دژی ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ)، لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە.