دامەزرێنەری لینکدئین داوا لە سەرکردەکانی تەکنەلۆژیا دەکات دژی ترەمپ بوەستنەوە


رووداو دیجیتاڵ

رێید هۆفمان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پلاتفۆرمی (لینکدئین)، داوا لە سەرکردەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا دەکات چیدیکە لە بەرامبەر کارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بێدەنگ نەبن، ئەوەش دوای کوژرانی دوو هاووڵاتیی ئەمریکی لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی لە شاری مینیاپڵس.
 
رێید هۆفمان لە گوتارێکدا کە لە (سان فرانسیسکۆ ستاندارد) بڵاوکراوەتەوە، رەخنەی تووندی لە بێدەنگیی بەڕێوەبەرانی سیلیکۆن ڤالی گرت و نووسیویەتی، "سەرکردەکانی سیلیکۆن ڤالی خۆیان لە بەرپرسیارێتیی قسەکردن دژی زێدەڕەوییەکانی ئیدارەی ترەمپ دزیوەتەوە."
 
ئەم پەیامەی هۆفمان دوای کوژرانی هەریەک لە (رێنی گوود) و (ئەلێکس پرێتی) دێت بە دەستی پۆلیسی فیدراڵی، کە بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی تووڕەیی سەرتاسەری لە ئەمریکا.
 
هۆفمان کە پاڵپشتێکی دارایی دیاری دیموکراتەکانە دەڵێت، "ئێمە نابێت لەبەردەم ترەمپ چۆک دابدەین، ناشبێت پاشەکشە بکەین و تەنیا هیوای ئەوە بخوازین کە قەیرانەکە کۆتایی بێت."
 
تەنیا هۆفمان نییە کە رەخنە دەگرێت؛ هەفتەی رابردوو جێف دین، گەورە زانای کۆمپانیای گووگڵ، دیمەنەکانی کوژرانی ئەلێکس پرێتی بە "شەرمەزارییەکی رەها" وەسف کرد. هەروەها هەریەک لە ڤینۆد خۆسلا و پۆڵ گراهام، کە لە وەبەرهێنەرە ناسراوەکانی کەرتی تەکنەلۆژیان، سەرکۆنەی ئەو رووداوانەیان کردووە.