سوپای ئیسرائیل: لە رەفەح سێ چەکدارمان کوشتن


رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، هێرشیان کردووەتە سەر "هەشت تیرۆرست" و سێ کەسیان لێ کوشتوون. 
 
رۆژی هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا، سوپاکە رایگەیاند، "هەشت تیرۆرستی" دەستنیشانکردووە کە لە دەرچەیەکی ژێر زەوییەوە دەرکەوتوون و هێزی ئاسمانی "بۆردوومانی کردوون و سێ تیرۆرستیانی لەناوبردووە".
 
هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوای هێرشەکە، هێرشی دیکەش کراون بۆ سەر ژێرخانی ئەو ناوچەیە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەربازەکان بە پشتیوانیی یەکە ئەندازیارییەکان بەردەوامن لە پشکنینی ناوچەکە بە مەبەستی دۆزینەوە و لەناوبردنی هەموو تیرۆرستەکان و تێکدانی هەر ژێرخانێکی تیرۆرستیی دیکە".
 
سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە، هێزەکانیان "بەپێی رێنماییەکانی رێککەوتنی ئاگربەست لە شوێنەکانی خۆیان ماونەتەوە و بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر سەربازەکانمان و ئاسایشی ئیسرائیل".
 
رەفەح، دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە، گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی هەیە، چونکە دەروازەیەکی سنوورییە لەگەڵ میسر و تاکە رێڕەوە لەنێوان کەرتی غەززە و جیهانی دەرەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا نییە. 
 
ئەم دەروازەیە کەناڵێکی سەرەکیی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە و دەبووایە بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەست، بەڕووی هاووڵاتییانی غەززە بکرابایەوە. 
 
ئاگربەستەکەی غەززە، بە نێوەندگیریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی وەکو قەتەر و میسر کرا، زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامە و ئەوەش سەرەڕای ئەوەی هەردوولا یەکدیی بە پێشێلکاریی تۆمەتبار دەکەن.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، واشنتن رایگەیاندبوو ئاگربەستەکە چووەتە قۆناخی دووەمی جێبەجێکردنیەوە، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە و کۆتاییهێنانێکی هەمیشەییە بە جەنگ.