ترەمپ کێڤن وارش بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەربژێر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا کێڤن وارش، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکی ناوەندیی ئەمریکای بۆ پۆستی سەرۆکی بانکەکە بەربژێر کرد.
 
رۆژی هەینی 30-01-2026 ترەمپ لە رێگەی ترووس سۆشیاڵـەوە بڕیارەکەی راگەیاند و نووسی: "ماوەیەکی زۆرە کێڤن دەناسم و گومانم نییە کە وەک یەکێک لە گەورەترین سەرۆکەکانی بانکی ناوەندی لە مێژوودا دەمێنێتەوە، رەنگە ببێتە باشترینیشیان؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، وارش کەسایەتییەکی گونجاوە بۆ ئەو پۆستە و "هەرگیز نائومێدتان ناکات."
 
ئەم بڕیارەی ترەمپ کۆتایی بە کێبڕکێیەک هێنا کە چوار کەسایەتیی دیار تێیدا بەشدار بوون، لەوانەش کریستۆفەر وۆڵەر، رێک ریدەر و کێڤن هاسێت. 
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کرد، هاسێت لە پۆستەکەی ئێستای وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئابووری "زۆر سەرکەوتووە،" بۆیە بڕیاریداوە لەوێ بیهێڵێتەوە. 
 
کێڤن وارش کە پێشتر لە بانکی (مۆرگن ستانلی) کاری کردووە، جێگەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی ئێستای بانکی ناوەندی دەگرێتەوە کە خولی سەرۆکایەتییەکەی لە مانگی ئایاری 2026 کۆتایی دێت.
 
بەربژێرکردنی کێڤن وارش لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ لەسەر پرسی کەمکردنەوەی سوودی بانک و سەربەخۆیی بانکی ناوەندی لەگەڵ جیرۆم پاوڵ لە ململانێیەکی بەردەوامدا بووە. 
 
وارش بۆ دەستبەکاربوونی پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکایە، بەڵام پرۆسەی پەسندکردنی رووبەڕووی ئاستەنگی سیاسی بووەتەوە. 
 
ئێلیزابێس وارن، سیناتۆری دیموکراتەکان ئەم هەنگاوەی بە هەوڵێکی ترەمپ بۆ "کۆنترۆڵکردنی بانکی ناوەندی" ناوبرد. 
 
لە لایەکی دیکەوە، تۆم تیلیس، سیناتۆری کۆمارییەکان هەڕەشەی کرد کە دژی هەر بەربژێرێکی نوێ دەوەستێتەوە تاوەکو ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر خەرجییەکانی پاوڵ دەستپێکراون، کۆتاییان نەیەت. 
 
ئەم گۆڕانکارییە لە لووتکەی دەسەڵاتی دارایی ئەمریکادا لە کاتێکدایە، ئابووریی وڵاتەکە بەهۆی سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان و مەترسیی هەڵاوسان لە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ و سەرۆکی داهاتووی بانکەکە دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان جێگیرکردنی نرخەکان و پاراستنی بازاڕی کاردا دروست بکات، هاوکات لەگەڵ پاراستنی سەربەخۆیی بانکەکە لە بەرامبەر گوشارە سیاسییەکانی کۆشکی سپی بۆ کەمکردنەوەی خێرای سوودی بانکی بۆ بنیادنانەوەی ئابووری.