گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: پاڵپشتی لە پاراستنی مافی کورد لە سووریا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێ، لە کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمیر پووتین و ئەحمەد شەرعدا دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تاوتوێ کراوە. دەشڵێت، "پێشوازی لە فەرمانی سەرۆکایەتیی سووریا تایبەت بە گەرەنتییەکانی مافی کورد دەکەین."
رۆژی هەینی 30-01-2026 ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکی کامیز شەدادی، پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ، سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و رۆڵی مۆسکۆ لە نێوەندگیری نێوان کورد و دیمەشق، گوتی، دۆخی ناوچەکە لە کۆبوونەوەی 28ـی کانوونی دووەمی هەردوو سەرۆکی رووسیا و سووریا لە کۆشکی کرێملین باسکرا.
زاخارۆڤا رایگەیاند هەڵوێستیان نەگۆڕە و بڕوایان وایە "سەقامگیریی ناوچەکە تەنیا لەڕێگەی دیالۆگێکی نیشتمانیی فراوانەوە دێتە دی کە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکان، لەنێویاندا کورد، لەبەرچاو بگرێ، بە مەرجێک رێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگیرێ."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێشوازی لە فەرمانی ژمارە 13ـی سەرۆکایەتیی سووریا دەکات کە لە 16ـی کانوونی دووەم دەرچووە و تایبەتە بە "گەرەنتییەکانی مافی کورد".
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان دیمەشق و هەسەدە، ناوچە کوردییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەمارۆدراون. خەڵکی سڤیل بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەوە لە هەموو پێداویستییەکانی ژیان بێبەش بوون. ئایا رووسیا دەتوانێت چ هەنگاوێکی مسۆگەر بنێت بۆ رێکخستنی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی سڤیلی کورد؟پرسیاری دووەم؛ ئایا رووسیا هیچ بیرۆکەیەکی هەیە کە لە گفتوگۆ راستەوخۆکانی نێوان دیمەشق و کورددا نێوەندگیری بکات و بۆ مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانیان وەک گەرەنتیکار هەنگاو بنێت؟ ئایا ئەم بابەتە لە دیدارەکانى ئەم دواییەی نێوان سەرۆکەکانی رووسیا و سووریا هاتە بەرباس؟
ماریا زاخارۆڤا: پێشهاتەکان لە سووریا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لە دیدارەکانی 28ـی کانوونی دووەم لە کرێملین، لە گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی سووریادا تاوتوێ کران. ئێمە نیگەرانین لەوەی، سەرەڕای ئەوەی لایەنەکان لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون، زانیاریی بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادان لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی فوراتەوە دەگات. لەو دۆخ و هەلومەرجەدا، بێگومان مسۆگەرکردنی ئاسایشی خەڵکی سڤیل کاری لەپێشینەیە. لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە پشتیوانی لە بەڵێنەکانی سەرۆکایەتیی سووریا دەکەین بۆ پاراستنی دانیشتووانی سڤیل. سەبارەت بە دۆخی مافی کورد، ئێمە چەندین جار هەڵوێستی خۆمان لەسەر ئەم بابەتە راگەیاندووە و هەڵوێستمان نەگۆڕە، وەک پێشتریش دڵنیاین کە رێگەی گەیشتن بە سەقامگیریی بەردەوامی درێژخایەن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و تەواوی وڵاتەکە، بە دیالۆگێکی فراواندا تێدەپەڕێت، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی یەکێتی و هاوئاهەنگیی نیشتمانی بێت، لە هەمان کاتدا بەرژەوەندیی نوێنەرانی هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئاینییەکانی نێو کۆمەڵگەی سووریا، بێگومان کوردیش لەنێویاندا، لەبەرچاو بگیرێ. هاوکات، بە پێویستی دەزانین کە دەبێت بە شێوەیەکی رژد رێز لە سەروەری و یەکپارچەییی خاکی سووریا بگیرێ. لەو رووەوە، ئێمە پێشوازی لە فەرمانی سەرۆکایەتیی سووریا ژمارە 13ـی رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەکەین سەبارەت بە گەرەنتییەکانی مافی کورد؛ هەروەها پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان دەکەین لەسەر ئاگربەستی فراوان و تێکەڵکردنی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵات لە 18ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا.