وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق یەکڕیزیی سووریا بەهێز دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پابەندن بە پشتیوانیکردن لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەو "رێککەوتنە مێژووییە".
لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوام دەبن لە کارکردنی نزیک لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئاسانکاریکردن لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان بەشێوەیەکی رێکوپێک و بێ دواکەوتن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "ئەم رێککەوتنە یەکڕیزی، سەروەری و سەقامگیریی سووریا بەهێز دەکات، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی ئەو وڵاتەدایە."
سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی ناوچەکەش، واشنتن جەختی کردووەتەوە "بە هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان، ئامادەین بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی ئەم قۆناخە راگوزەرە بەشێوەیەکی ئاشتیانە و کاریگەرانە بەرەوپێش بچێت، تاوەکو ئاشتەوایی بەردەوام و خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدیبێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا چاوەڕوانی ئایندەیەکی گەشتر بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە دەکات.