باڵیۆزی ئیسرائیل سەردانی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە بەرلین دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا سەردانی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کرد و پەیامی پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ کورد دووپاتکردەوە.
 
رۆن پرۆسۆر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا، ئەمڕۆ 29ی کانوونی دووەمی 2026 سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری لە بەرلین کرد. پرۆسۆر رایگەیاند، سەردانەکەی هێمایە بۆ "پەیوەندیی قووڵ و بەردەوام"ی نێوان جوو و کورد، وەک دوو پێکهاتەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە.
 
پرۆسۆر لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "کورد لە ریزەکانی پێشەوە، شەڕی دژی داعش و گرووپە ئیسلامییەکانی کردووە و هێشتاش دەیکات. ئەگەر ئەوان نەبوونایە، ئەو گرووپانە دەگەیشتنە ئەورووپا."
 
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندین جار بە زارەکی پشتیوانییان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ بەرگیرکردن لە کورد نەناوە. پێچەوانەی ئەوە، کاتێک سوپای عەرەبیی سووریا هەوڵیدا هێرش بکاتە سەر ئەندامانی پێکهاتەی دروز لە پارێزگەی سوەیدا، سوپای ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی پێشڕەویی ئەو هێزانەی وەستاند و تەنانەت هێرشی ئاسمانیی کردە سەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری و دەوروبەری کۆشکی سەرۆکایەتی لە نێوجەرگەی دیمەشق. لە ئەنجامدا چەندین ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا کوژران و برینداربوون. 
 
"پێویستە مافی کورد لە دەستووردا جێگیر بکرێ"
 
باڵیۆزی ئیسرائیل داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی ئەورووپا دەکات کە لە ئاست ئەو گوشارانەی لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەن، بێدەنگ نەبن.
 
پرۆسۆر داوای کرد حکومەتی راگوزەری سووریا رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی و گوتی: "دەبێت مافی کورد و کەمینەکان لە هەر دەستوورێکی نوێی سووریادا بە هەمیشەیی بچەسپێنرێ و گەرەنتیی نێودەوڵەتیی کارا بۆ پاراستنی کورد هەبێت."
 
لە نێوەڕاستی کانوونی دووەم، هێزەکانی حکومەتی راگوزەر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هێرشەکەیان بۆ سەر هەسەدە فراوان کرد.
 
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا کە لە 13ی کانوونی دووەمەوە دەستیانپێکرد، دیمەشق توانی دەست بەسەر رەققە، دەوروبەری دێرەزوور، کەمپی هۆل و چەند دەروازەیەکی سنووریدا بگرێتەوە.
 
دوای نێوەندگیریی ئەمریکا، ئاگربەست راگەیێندرا و بۆ 8ی مانگی شوبات درێژکرایەوە. سەرەڕای ئاگربەست، هەردوولا یەکدی بە پێشێلکاری تۆمەتبار دەکەن.