دوای ئوسترالیا و فەرەنسا؛ ویلایەتێکی هیندستان سۆشیاڵ میدیا لە منداڵان قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ویلایەتی ئاندرە پرادێش لە هیندستان کە دانیشتووانەکەی زیاتر لە 50 ملیۆن کەسە، رایگەیاند سەرقاڵی ئامادەکردنی زەمینەیە بۆ قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیا لە منداڵان. وەزیری تەکنەلۆژیای ئەو ویلایەتەش دەڵێت: "متمانە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکە لەناودەچێت."
رۆژی پێنجشەممە 29-01-2026، نارا لۆکێش، وەزیری تەکنەلۆژیای زانیاریی ویلایەتی ئاندرە پرادێش لە پلاتفۆرمی ئێکس (X) رایگەیاند، حکومەتەکەیان بڕیاری داوە هەنگاوی جددی بۆ پاراستنی منداڵان بنێت، چونکە "بە شێوەیەکی بێوچان تووشی ئالوودەبوون بوون."
وەزیری تەکنەلۆژیای ویلایەتەکە دەڵێت، پێویستە رێکاری یاسایی بۆ دیاریکردنی تەمەنی گونجاو بۆ دەستگەیشتن بە پلاتفۆرمەکان بگیرێتەبەر. هاوکات داوایان لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (میتا، گووگڵ و ئێکس) کردووە، تاوەکو پێکەوە گفتوگۆ لەسەر باشترین رێگە نێودەوڵەتییەکان بکەن.
جگە لە پرسی منداڵان، لۆکێش تیشکی خستە سەر تووندوتیژی دژی ژنان و گوتی: "زۆر لە ژنان رووبەڕووی توندوتیژیی بەردەوامی ئەلیکترۆنی دەبنەوە و چیدی ناکرێت ئەم بابەتە پشتگوێ بخەن."
ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتی ساڵانەی ئابووریی حکومەتی فیدراڵیی هیندستان، کە تێیدا پێشنیاز کراوە رێنمایی نیشتمانی بۆ سنووردارکردنی کاتی مانەوەی منداڵان لەبەردەم شاشەکان دەربکرێت. بەپێی ئامارەکان، هیندستان نزیکەی یەک ملیار بەکارهێنەری ئینتەرنێتی هەیە و 95%ـی گوندەکانی ئەو وڵاتە بە تۆڕی ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە.
مژاری قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیا بووەتە جیهانی؛ لە کانوونی یەکەمی 2025 ئوسترالیا بە فەرمیی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیای بۆ منداڵانی خوار 16 ساڵ قەدەخە کرد. هەروەها پەرلەمانی فەرەنساش لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد بۆ رێگری لە منداڵانی خوار 15 ساڵ لە بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانە.
هەوڵەکانی ویلایەتەکانی ئاندرە پرادێش و گۆا لە هیندستان، ئاماژەن بۆ ئەوەی وڵاتانی ئاسیاش دەخوازن هەمان مۆدێلی تووندی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پاراستنی نەوەی نوێ پەیڕەو بکەن.