ترەمپ بۆ وڵاتان: نەوت بە کوبا بفرۆشن باجتان دەخەینەسەر

رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ بازنەی گەمارۆکانی سەر حکومەتی کوبا تووندتر دەکات و هۆشداری دەداتە هەر وڵاتێک نەوت بۆ ئەو وڵاتە دابین بکات، رووبەڕووی باج و "پێناسی گومرگیی زیادە" دەبێتەوە. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، کوبا مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی.
 
رۆژی پێنجشەممە 30-01-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆ کرد، کە تێیدا هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی دەکات بەسەر هەر وڵاتێکدا کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ نەوت بە کوبا بفرۆشێت.
 
بەگوێرەی فەرمانەکە، دەسەڵاتی تەواو دراوەتە وەزیری بازرگانیی ئەمریکا بۆ دیاریکردنی رێژەی پێناسی گومرگی و دەستنیشانکردنی ئەو وڵاتانەی دەکرێنە ئامانج. ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "بە تووندی پێشنیاریان بۆ دەکەم رێککەوتن بکەن، پێش ئەوەی کات بەسەربچێت."
 
کۆشکی سپی حکومەتی کوبا وەک "هەڕەشەیەکی نائاسایی" بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەناسێنێت و دەڵێت، هاڤانا هاوکاری و پشتیوانیی وڵاتانی نەیاری ئەمریکا دەکات، لەنێویاندا رووسیا، چین، ئێران و گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا.
 
گوشارە نوێیەکانی واشنتن دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا توانی کۆنترۆڵی هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا بکات، کە پێشتر سەرچاوەی سەرەکیی وزەی کوبا بوو. ترەمپ بەڵێنی داوە سەرچاوە دارایی و وزەییەکانی کوبا بەتەواوی وشک بکات.
 
برۆنۆ رۆدریگز، وەزیری دەرەوەی کوبا بڕیارەکەی بە "دەستدرێژییەکی دڕندانە" وەسف کرد. هاوکات مەکسیک کە لەم دواییانەدا ببووە دابینکارێکی سەرەکیی نەوت بۆ کوبا، کەوتووەتە ژێر گوشارەوە. کلۆدیا شاینباوم، سەرۆکی مەکسیک بێ ئەوەی باسی بڕینی نەوتەکە بکات، تەنیا گوتی: "مەکسیک بەردەوام دەبێت لە نیشاندانی هاوسۆزی بۆ کوبا."
 
ئەم بڕیارەی ترەمپ لە کاتێکدایە کوبا لە نێو خراپترین قەیرانی ئابووریدایە؛ رۆژانە نزیکەی 20 کاژێر کارەبا دەبڕێت و وڵاتەکە بەدەست کەمیی خۆراک و دەرمانەوە دەناڵێنێت، ئەمەش شەپۆلێکی کۆچی بەکۆمەڵی لێکەوتووەتەوە.