رواندا لە لاهای سکاڵا لەسەر بەریتانیا تۆمار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتى رواندا سکاڵایەکی یاسایی لە دژی شانشینی بەریتانیا لە دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای تۆمار کرد؛ ئەوەش دوای ئەوەی لەندەن بە شێوەیەکی "تاکلایەنە" کۆتایى بە رێککەوتنی ناردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە هێنا.
 
حکومەتى رواندا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا "بەبێ ئاگادارکردنەوەى پێشوەختە" بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەی داوە، کە ئەوەش بە "پێچەوانەى رۆحی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات" وەسف دەکات.
 
هۆکاری سەرەکیی سکاڵاکە بۆ لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەگەڕێتەوە، کە تەممووزی 2024 و تەنیا چەند رۆژێک دوای وەرگرتنى پۆستەکەى، رایگەیاند رێککەوتنەکە "مردوو و نێژراوە."
 
رێککەوتنەکە ساڵی 2024 لەلایەن ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا واژۆ کرا، تێیدا لەندەن رەزامەندیی نیشاندا بڕی 290 ملیۆن پاوەند بداتە رواندا بۆ وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی بە نایاسایی دەگەنە بەریتانیا.
 
کێشە داراییەکان بەشێکی دیکەی ناکۆکییەکانن؛ ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا داوای لە رواندا کردووە دەستبەرداری 100 ملیۆن پاوەندی دیکە ببێت کە بڕیار بوو ساڵانی 2025 و 2026 وەک قۆناخی کۆتایی پێى بدرێت، بەڵام رواندا رەتیدەکاتەوە واز لەو پارەیە بهێنێت.
 
سەبارەت بە لایەنی یاسایی دۆسیەکە، جۆناتان موسانگوا، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی لە رواندا دەڵێت: "حکومەتی بەریتانیا ناتوانێت تەنیا پشت بە یاسا ناوخۆییەکانی خۆی ببەستێت بۆ جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی." ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای نێودەوڵەتی دەتوانێت لەسەر بنەمای پەیماننامەی ڤیێنا بڕیار لەسەر قەرەبووکردنەوە بدات.
 
پڕۆژەی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کە پێشتر لە ساڵی 2023 لەلایەن دادگای باڵای بەریتانیاوە بە "نایاسایی" وەسف کرا، تەنیا چوار پەنابەر بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە چوونە ئەو وڵاتە ئەفریقییە. ئێستاش بەریتانیا جەخت دەکاتەوە کە هیچ نیازێکی نییە پارەی زیاتر خەرج بکات.