ترەمپ هێرشکردنە سەر چەند "ئامانجێکی گرنگی" لەنێو خاکی ئێران راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی هێرشێکی سەرکەوتووی کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی گرنگ لەناو خاکی ئێران و دەڵێت: "ئەو ئامانجانەی ماوەیەکی درێژ بوو بەدوایانەوە بووین، تێکشکێنران."
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیەڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێکی گەورەیە لە ئێران. زۆر لەو ئامانجانەی ماوەیەکی درێژ بوو بەدوایانەوە بووین، لەلایەن سوپا مەزنەکەمانەوە لەناو بران و تێکشکێنران."
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا وەسفی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد و نووسیویەتی: "سوپای ئێمە باشترین، بەهێزترین و کوشندەترین سوپایە لەسەر ئاستی جیهان."
ترەمپ چەند خوولەکێک پێش ئەو پۆستەی لە لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئێر فۆرس وەن" لە کاتی گەڕانەوەی بۆ بنکەی ئەندرۆس، بۆ رۆژنامەڤانان قسەی کرد و گوتی، "ئەمڕۆ ئامانجێکی زۆرمان تێکشکاند. هێزی دەریایی ئێران نەما، هێزی ئاسمانییان نەما. ئێمە زۆر بە باشی دەزانین چیمان کردووە، ئەمڕۆ رۆژێکی گەورە بوو."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "پێموایە گۆڕینی رژێم روویداوە. رژێمی یەکەم کە زۆر خراپ و شەڕەنگێز بوون، لەناوچوون و هەموویان مردن. رژێمی دووەمیش زۆربەیان مردن. ئێستا مامەڵە لەگەڵ گرووپی سێیەم دەکەین کە کەسانێکی زۆر ژیرترن."
ترەمپ گەشبینی خۆی نیشان دا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران و گوتی: "پێموایە بەمزووانە رێککەوتن دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئێراندا قەت نازانیت، چونکە جار هەیە دانوستان دەکەین و دواتر ناچار دەبین بۆمبارانیان بکەین."