مێرتس و شەرع: بۆردوومانکردنی ئێران دەسەڵات ناگۆڕێت و کێشەکان چارەسەر ناکات


رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆککۆماری کاتی سووریا لە بەرلین کۆبوونەوە و جەختیان لەوە کردەوە، بۆردوومانکردنی ئێران بە تەنیا نابێتە هۆی گۆڕینی حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەکان. هەردوولا ئاماژەیان بە ئەگەری گەڕانەوەی سووریاییەکانی ئەڵمانیا بۆ وڵاتەکەیان کرد. 
 
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلین وەڵامی چەندین پرسیاریان دایەوە.
 
بنیاتنانەوەی سووریا و گەڕانەوەی پەنابەران
 
فریدریش مێرتس رایگەیاند، ئەڵمانیا لە ئەمساڵدا زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانەکانی وەک ئاو و تەندروستی لە حەسەکە، سوەیدا و حەلەب تەرخان دەکات. گوتیشی: "نزیکەی 80٪ی سوورییەکانی ناو ئەڵمانیا دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانیان، ئێمەش لە رێگەی تیمی تایبەت و هاوکاریی کۆمپانیاکانی وەک سیمێنس پشتگیریی ئەم پرۆسەیە دەکەین."
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای 2011ەوە، نزیکەی 6 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی وڵاتەکەیان جێهێشت. لەو ژمارەیە نزیکەی یەک ملیۆنیان چوونە ئەڵمانیا. 
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا جەختی کردەوە، وڵاتەکەی رووی لە قۆناخێکی نوێی گەشەپێدان کردووە و دەیانەوێت سوود لەو پسپۆڕ و شارەزا سوورییانە وەربگرن کە لە ئەڵمانیا ئەزموونیان بەدەستهێناوە؛ گوتیشی: "سووریای نوێ وڵاتی هەموو پێکهاتەکانە و هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەستی دەوڵەت رێگەپێدراو نابێت."
 
پرسی 1.3 ملیۆن پەنابەری سووری لە ئەڵمانیا تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی شەرع بوو لە بەرلین. ئەو گوتی: "لێرە 1.3 ملیۆن سووری هەن، لە نێویاندا 6000 پزیشک لە نەخۆشخانەکاندا کاردەکەن. شانازی دەکەین کە سوورییەکان سەرمایەیەکی نیشتمانیی هاوبەشن لە نێوانماندا." 
 
شەرع داوای کرد پەنابەرەکان وەک پردێکی پەیوەندی ببینرێن و گوتی: "پێویستە وەک سەرمایە و سەرچاوەیەک بۆ هەردوو وڵات سەیری پەنابەرە سوورییەکان لە ئەڵمانیا بکەین. ئەوان پردێکی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕن لە نێوان هەردوو گەلدا."

 

 
 
مافی کورد و کەمینەکان لە سووریا
 
سەبارەت بە مافی پێکهاتەکان، سەرۆککۆماری سووریا گوتی: "ئێمە لە سووریا وڵاتێکی خاوەن کولتوور و نەتەوەی جۆراوجۆرین، پابەندین بە سەروەریی یاسا و باڵادەستبوونی بەسەر بەرژەوەندییە کەسییەکاندا. لە رێگەی یاسا و دەستوورەوە، هەمووان لە دەوڵەتی سووریادا مافەکانیان بەدەستدەهێنن. شەرع گوتیشی، توانیویانە لە ململانێ ناوخۆییەکان رزگاریان بێت و ئێستا مەرسوومێکیان هەیە کە تایبەتە بە مافەکانی کورد. 
 
راوێژکاری ئەڵمانیاش پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئەم پرۆسەیە دووپاتکردەوە و گوتی: "دڵنیام کە مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سووریا دابین دەکرێن."
 
کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، شەرع مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ پاراستنی مافەکانی زمان و کولتووری کورد لە سووریا دەرکرد. 
 
کاریگەریی جەنگی ئێران و پرسی وزە
 
فریدریش مێرتس باسی لە لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئێران کرد و گوتی: "نرخەکانی بەنزین و وزە لە ناو ماڵ و کۆمپانیا ئەڵمانییەکاندا بە شێوەیەکی ترسناک بەرزبووەتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەڵمانیا ئامادەیە لە چوارچێوەی گروپێکی نێودەوڵەتیدا هاوکار بێت بۆ دڵنیابوونەوە لە هاتووچۆی ئازاد لە تەنگەی هورمزدا.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا بە راشکاوی رایگەیاند کە ئەو و سەرۆک شەرع گومانیان لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەم جەنگە هەیە و پێیانوایە تەنیا بۆردوومانکردنی ئێران نابێتە هۆی گۆڕینی رژێم و سەقامگیری، بەڵکو پێویستە رێگەی دیپلۆماسی بگیرێتە بەر.
 
ئەحمەد شەرع لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەختی لە پێگەی ستراتیژیی سووریا کردەوە لە نەخشەی ئابووریی جیهاندا و رایگەیاند: "پێویستیمان بە جەنگ نییە بۆ ئەوەی بزانین کە سووریا رێڕەوێکی وشکانیی ئارامە بۆ زنجیرەکانی دابینکردن و وزە. سووریا پێگەیەکی مێژوویی هەیە، پێگەیەکی جوگرافی کە لە مێژوودا خاڵی بەیەکەوەبەستنی رۆژهەڵات و رۆژئاوایە." 
 
سەرۆکی کاتی سووریا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە گفتوگۆی چڕدان بۆ دابینکردنی پەناگەیەکی ئارامی وزە.
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداو و تەنگەی هورمزیشی لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە داخستووە. بەهۆی داخستنی تەنگەکەوە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکاندا لە 72 دۆلارەوە بووەتە سەرووی 110 دۆلار.