ترەمپ: گۆڕینی رژێم لە ئێران روویداوە و رێککەوتن نزیکە

رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی گورزی کوشندەیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە و هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئەو وڵاتەیان بەتەواوی پەکخستووە. دەشڵێت، ئێستا تاران وەک نیشانەیەک بۆ "رێزگرتن" دەیان کەشتیی نەوت رەوانە دەکات و پێشبینی رێککەوتنێکی نزیک دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئێر فۆرس وەن" لە کاتی گەڕانەوەی بۆ بنکەی ئەندرۆس، بۆ رۆژنامەڤانان قسەی کرد و تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و توانا سەربازییەکانی ئێران.
 
"هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران نەما"
 
ترەمپ باسی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا کرد و گوتی: "ئەمڕۆ ئامانجێکی زۆرمان تێکشکاند. هێزی دەریایی ئێران نەما، هێزی ئاسمانییان نەما. ئێمە زۆر بە باشی دەزانین چیمان کردووە، ئەمڕۆ رۆژێکی گەورە بوو."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران لە ژێر گوشارێکی زۆردایە و گوتی: "لە ماوەی سێ رۆژدا 158 کەشتیی جەنگی و تەواوی هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئەوانمان لەناوبرد، زۆربەی مووشەکەکانیشیان تەقێندراونەتەوە."
 
سەبارەت بە دانوستاندنەکان، ترەمپ ئاشکرای کرد کە پەیوەندیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ تاران هەیە. ئەو باسی لەوە کرد کە ئێرانییەکان بۆ نیشاندانی نیازپاکی، بڕیاریان داوە بڕێکی زۆر نەوت رەوانە بکەن.
 
ترەمپ گوتی: "وەک نیشانەیەک بۆ رێزگرتن، 20 کەشتیی گەورەی نەوتیان داینێ کە سبەی بەیانی لە تەنگەی هورمزەوە بەڕێ دەکەون. پێشتریش 10کەشتییان ناردبوو."
 
"رژێم گۆڕاوە"
 
یەکێک لە پەیامەکانی ترەمپ، باسی "گۆڕینی رژێم" بوو لە ئێران. ئەو پێیوایە ئەو کەسانەی ئێستا لە تاران بڕیار بەدەستن، جیاوازن لەوانەی پێشتر. ترەمپ گوتی: "پێموایە گۆڕینی رژێم روویداوە. رژێمی یەکەم کە زۆر خراپ و شەڕەنگێز بوون، لەناوچوون و هەموویان مردن. رژێمی دووەمیش زۆربەیان مردن. ئێستا مامەڵە لەگەڵ گرووپی سێیەم دەکەین کە کەسانێکی زۆر ژیرترن."
 
رەخنە لە ئۆباما و رێککەوتنی ئەتۆمی
 
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر باراک ئۆباما و رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 و گوتی: "ئەو رێککەوتنە خراپترین و گەمژانەترین رێککەوتن بوو کە وڵاتەکەمان کردبێتی. من کۆتاییم پێ هێنا، ئەگەر نا ئێستا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی دەبوو. دواتر بە فڕۆکەی B2 هێرشمان کردنە سەر و رێگریمان لێکردن."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، ترەمپ گەشبینی خۆی نیشان دا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ و گوتی: "پێموایە بەمزووانە رێککەوتن دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئێراندا قەت نازانیت، چونکە جار هەیە دانوستان دەکەین و دواتر ناچار دەبین بۆمبارانیان بکەین."