سەربازێکی هێزی ئاشتیپارێز لە باشووری لوبنان کوژرا

رووداو دیجیتاڵ
 
هێزەکانی پاراستنی ئاشتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یوونیفیڵ) رایانگەیاند، بەهۆی کەوتنی مووشەک یان گولەهاوەنێک بۆ سەر یەکێک لە پێگەکانیان لە باشووری لوبنان، سەربازێکیان کوژراوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی ئاداری 2026، فەرماندەیی یوونیفیڵ لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "شەوی رابردوو لە ئەنجامی تەقینەوەی تەقەمەنییەک لە نێو پێگەیەکی یوونیفیڵ لە نزیک ناوچەی (عەدشیت قەسیر)، سەربازێکی تیمی پاراستنی ئاشتی کوژرا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هێشتا سەرچاوەی تەقەمەنییەکە و لایەنی هێرشبەر دیار نییە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە. هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، ئەو پێگەیەی کراوەتە ئامانج سەر بە فەوجی ئیندۆنیزی بووە لە چوارچێوەی هێزەکانی یوونیفیڵ.
 
ناوچەی عەدشیت قەسیر دەکەوێتە سەر سنووری باشووری لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل، کە ماوەی مانگێکە بووەتە گۆڕەپانی شەڕێکی سەخت لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵا.
 
جەنگی لوبنان لە سەرەتای مانگی ئادارەوە سەریهەڵدا، ئەوەش دوای ئەوەی حیزبوڵڵا وەک کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم رۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، دەستی بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل کرد.
 
ئێستا سوپای ئیسرائیل لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان لە پێشڕەویدایە و بەرپرسانی تەلئەڤیڤ دەڵێن، دەیانەوێت ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لە نێو خاکی لوبناندا دروست بکەن بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشەکانی حیزبوڵڵا بگرن.
 
ئەمە یەکەمجار نییە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم جەنگەدا دەبنە ئامانج؛ پێشتر لە 7ـی ئاداری ئەمساڵیشدا، سێ سەربازی گانا لە شارۆچکەیەکی سنووری بەهۆی تەقەوە بریندار ببوون.