سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا داوای روونکردنەوە لە ترەمپ دەکات: "ئامانجەکانی جەنگی ئێران نادیارن"

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد ئاراستە و ئامانجەکانی جەنگی ئێران بەروونی دیاری بکات. هاوکات جەختی لە گرنگیی هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە کردەوە.
 
ئەنتۆنی ئەلبانیزی رایگەیاند: "دەمەوێت زیاتر دڵنیابم سەبارەت بەوەی ئامانجەکانی ئەم جەنگە چین، هەروەها خوازیاری هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی ئاستی ململانێکانم."
 
ئەم هەڵویستە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی چەندین لیدوانی دژبەیەک لە پەڕەی فەرمی خۆی لە ترووس سۆشیال جۆرێک لە ناروونی بۆ دەسەڵاتداران و سەرۆکی وڵاتان و تەنانەت خەڵکی ئاسایی-ش دروستکردووە.
 
پشتیوانی بۆ ئیمارات و رەتکردنەوەی ناردنی هێزی دەریایی
 
لە چوارچێوەی هەوڵە سەربازییەکانیدا، ئوسترالیا لەسەر داوای لایەنی پەیوەندیدار، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی بۆ پشتیوانیکردن لە سیستەمی بەرگریی ئیماراتی عەرەبی رەوانەی ناوچەکە کردووە.
 
سەرەڕای ئەم پشتیوانییە ئاسمانییە، حکومەتی ئوسترالیا بە فەرمی ناردنی هەر جۆرە هێزێکی دەریایی بۆ بەشداری لە پرۆسەی کردنەوەی تەنگەی هورمز رەتکردەوە.