راپرسییەک: 66%ی بەریتانییەکان دژی هێرشەکانی ئەمریکان بۆ سەر ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپرسییەکی نوێ، زۆرینەی خەڵکی بەریتانیا دژی ئەو هێرشە سەربازییانەی ئەمریکان کە دەکرێنە سەر ئێران. لە هەمان کاتدا رای گشتیی بەریتانیا لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان لەگەڵ جەنگەکەدا دابەشبووە.
 
راپرسییەکە لەلایەن دەزگای (YouGov)ی بەریتانی لە 22 و 23ی ئاداری 2026 کراوە و ئەنجامەکەی رۆژی دووشەممە 30ی ئادار بڵاوکراوەتەوە.
 
داتاکان دەریدەخەن کە 66%ی بەریتانییەکان بە تووندی یان تا رادەیەک دژی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەن ئەمریکا بۆسەر ئێران دەستیپێکردووە، لە بەرامبەردا تەنیا 19% پشتگیری لێدەکەن و 14%ـیش بێلایەنن یان وەڵامیان نەداوەتەوە.
 
هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی کییەر ستامەر
 
راپرسییەکە پرسیاری لە خەڵک کردووە کە ئایا ستامەر چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم قەیرانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە؟
 
• 38% پێیان وایە مامەڵەکەی "زۆر باش یان تا رادەیەک باش" بووە.
• 43% پێیان وایە مامەڵەکەی "زۆر خراپ یان تا رادەیەک خراپ" بووە.
• 19% وەڵامیان نەداوەتەوە.
 
بەپێی شیکارییەکەی دەزگای YouGov، ئەوانەی پێیان وایە ستامەر باش بووە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە توانیویەتی بەریتانیا لە جەنگەکە بەدوور بگرێ. بەڵام ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن، بە "راڕایی و دوودڵی" تۆمەتباری دەکەن.
 
رەخنەگرەکانی سەرۆکوەزیران بۆ دوو بەرە دابەشبوون. بەشێکیان تووڕەن کە بۆچی بەریتانیا وەک پێویست پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیسرائیل ناکات. بەشەکەی دیکەش دەڵێن، ستامەر هەنگاوی پێویستی نەناوە بۆ ئەوەی بەریتانیا بە تەواوی لە جەنگەکە دووربخاتەوە.
 
رۆڵی سوپای بەریتانیا دەبێت چۆن بێت؟
 
سەبارەت بەوەی سوپای بەریتانیا دەبێت چ رۆڵێک لەم جەنگەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا ببینێت، بەشداربووانی راپرسییەکە بەم شێوەیە وەڵامیان داوەتەوە:
 
• 52% دەڵێن دەبێت رۆڵەکە "تەنیا بەرگری" بێت، وەک خستنەخوارەوەی درۆنەکان و پاراستنی ناوچە سڤیلەکان و بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا.
 
• 30% پێیان وایە دەبێت رۆڵەکە "تەنیا وەڵامدانەوە" بێت، واتە لێدانی ئەو ئامانجە سەربازییانەی هێرش دەکەنە سەر ناوچە سڤیلەکان یان بنکەکانی بەریتانیا، بێ ئەوەی زیاتر بەشداربێ.
 
• 5% پشتگیری لەوە دەکەن کە سوپای بەریتانیا "بەشێوەیەکی چالاکانە" بچێتە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە جیاوازەکان لە نێوخۆی ئێران.
 
• 13% دەڵێن "نازانین."
 
دەزگای  YouGov ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە ستامەر تا رادەیەکی زۆر بەریتانیای لە جەنگەکە بەدوور گرتووە - کە خواستی زۆرینەی خەڵکە - بەڵام هێشتا نەیتوانیوە رەزامەندیی زۆرینە بەدەستبهێنێت و رووبەڕووی گوشاری ناوخۆیی بووەتەوە.