دواى هاوردەکردنى دەرمانى شێرپەنجە لە عێراقەوە، وەزیرى تەندروستیى لیبیا دوورخرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى تەندروستیی حکومەتى لیبیا لە پۆستەکەى دووخرایەوە، دواى ئەوەى کاروانێکى دەرمانى شێرپەنجەى لەعێراقەوە هاوردەکرد، سەرۆکى دەستەى نیشتمانى بەرەنگاربوونەوەى شێرپەنجەى ئەو وڵاتە دەڵێت: "فەرمانمان پێکراوە لە وڵاتانى عەرەبی و ئاسیاوە ئەو جۆرە دەرمانە هاوردە نەکەین". 
 
بڕیارى لەسەرکارلادانى، رەمەزان ئەبوجەناح، وەزیرى تەندروستیى حکومەتى یەکێتىی نیشتمانیی لیبیا رۆژی سێشەممە 29ـی نیسانى 2025 لەلایەن عەبدولحەمید دەبیبە، سەرۆکى حکومەتەوە دەرکراوە. 
 
بەگوێرەى ناوەڕۆکى بڕیارەکە کە پێگەى فەرمى حکومەتی لیبیا بڵاوی کردووەتەوە، رێکارەکە بەهۆى ئەوەوە بووە، سەرپێچییان کردووە لە بنەماکانى تایبەتمەندى دەستەى نیشتمانىی بنبڕکردنى شێرپەنجە لە هاوردەکردنى دەرمان.
 
جگە لەو وەزیرە، پێنج بەرپرسى دیکەى وەزارەتى تەندروستیی لیبیا دراونەتە لیژنەى لێکۆڵینەوە و بەشێوەیەکى کاتى لەکارکردن راگیراون. 
 
ئەو رێکارە دواى دوو رۆژ بوو لە راگەیێندراوێکى وەزارەتى تەندروستیى عێراق کە تێیدا ئاماژەى بەوەداوە، بۆ یەکەمجار دەرمانى شێرپەنجە کە دروستکراوى عێراق بووە، هەناردەى لیبیا کراوە. 
 
هاوردەکردنى ئەو دەرمانانە لەنێو لیبیا کاردانەوەى لێکەوتەوە، چونکە بەگوێرەی ئەو رێکارانە نەبووە، کە لە لیبیا بۆ هاوردەکردنی دەرمان پەیڕەو دەکرێت. 
 
29ـی نیسان وەزارەتى تەندروستیی لیبیا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هاوردەکردنى ئەو دەرمانە لە عێراقەوە لەسەر ئەو بنەمایە بووە، کە کارگەى دروستکەرى دەرمانەکە لە وەزارەتى تەندروستیی عێراق تۆمارکراوە، رەزامەندى هەناردەکردنى دەرمانەکەشى وەرگرتووە و کوالێتى گونجاو بووە، هەروەها رەزامەندى دەستەى چاودێریى کارگێڕیى بۆ هاوردەکردنى وەرگیراوە.
 
تێبینى حکومەت لەسەر هاوردەکردنى ئەو دەرمانە لەسەر بنەماى ئەوە بووە، کە دەبێت هاوردەکردنی دەرمانەکە بە فلتەری رێکارەکانی دەستەى نیشتمانىی بنبڕکردنى شێرپەنجە تێپەڕێت.
 
دواى بڕیارى دوورخستنەوەى وەزیرى تەندروستى، د. حەیدەر سائیح، سەرۆکى دەستەى نیشتمانى بۆ بنبڕکردنی شێرپەنجە لەو وڵاتە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە سەرۆکوەزیرانەوە فەرمانمان پێدراوە کە دەرمانى شێرپەنجە لە وڵاتانى ئاسیا و عەرەبی هاوردە نەکەین و پێویستە هەموو هاوردەکردنێکى ئەو جۆرە دەرمانە لە رێگەى دەستەکەمانەوە بێت".