ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند

رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا دەڵێت، سزای حەوت کۆمپانیایان داوە کە دەستیان لە فرۆشتنی نەوتی ئێراندا هەبووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی واشنتن و تاران سێ گەڕی دانوستاندنیان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران کرد.
 
رۆژی چوارشەممە 30-04-2025 ئەمریکا رایگەیاند، پێنج کۆمپانیایان سزاداوە کە چواریان لە ئیمارات و یەکیان لە تورکیان، "دەستیان لە فرۆشتنی بەرهەمی پیترۆکیمیایی ئێران هەبووە بۆ وڵاتانی سێیەم؛ دوو کۆمپانیای دیکەش کە لە رێگەی ئاوییەوە کاریان کردووە."
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێران هەوڵدەدات نەوت بەرهەمبهێنێت و قازانج لە بەرهەمی پیترۆکیمیایی بکات، بۆ ئەوەی چالاکیی ناسەقامگیرکەر پارەدار بکات و پشتیوانیی لە جموجۆڵی تیرۆریستی و گرووپەکاندا بکات؛ ئەمریکا لە رێگەی سەپاندنی سزاوە هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئێران و هەموو هاوبەشەکانی رابگرێت."
 
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئێران رایگەیاند، بڕیارە شەممەی داهاتوو 03-05-2025 لە رۆما لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چوارەم جار کۆببنەوە.
 
تاران چاوی لەوەیە لە رێگەی دانوستاندنی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، ئەمریکا سزاکانی سەری سووک بکات.
 
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوڕێی لەمێژینەی، سەرۆکایەتیی دانوستاندنەکان دەکات و لەبارەیانەوە ئەرێنییە. ترەمپیش هەڕەشەی کردووە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "بۆردوومان" دەکرێن.
 
ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە کە لە 2015 لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما واژۆکرابوو.