ترەمپ: دەبێت ئێران خۆی بەدەستەوە بدات


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری رووسیا باسکرد و رایگەیاند، پووتین پێشنیازی کردووە وەک "لایەنی سێیەم" هاوکار بێت لە رێککەوتنی ئەتۆمی و وەرگرتنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی کە واشنتن داوا دەکات تاران رادەستی بکات. راشیگەیاند: "دەبێت ئێران خۆی بەدەستەوە بدات" و رێگە نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
 
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە پەیوەندییەکەی رۆژی چوارشەممەدا، پووتین ئامادەیی نیشانداوە رووسیا مامەڵە لەگەڵ 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران بکات، کە ترەمپ داوای رادەستکردنی دەکات. ترەمپ گوتی: "پووتین پێیگوتم حەز دەکات لە بابەتی پیتاندندا بەشدار بێت ئەگەر بتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام من پێمگوت زۆر زیاتر حەز دەکەم تۆ لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینادا بەشدار بیت، چونکە ئەوە بۆ من گرنگترە."
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە تاوەکو ئاستێکی زۆر پەککەوتوون. ترەمپ گوتی: "ئێمە هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی، بەرگریی دژە فڕۆکە، رادار و هەموو دەزگەکانی ئەوانمان تێکشکاندووە و زۆر کەم شتیان ماوەتەوە. ئێمە نزیکەی 80٪ـی کارگەکانی دروستکردنی مووشەک و تواناکانی ئەوانمان لەناو بردووە، ئەوەی ماوەتەوە دەکرێت زۆر بە خێرایی لەناو بچێت ئەگەر رێککەوتن نەکەین."
 
ترەمپ دووپاتی کردەوە، پووتینیش نایەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "ئەوان [ئێرانییەکان] خۆشیان دەزانن کە نابنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
 
سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا، ترەمپ گەشبینیی خۆی بە نزیکبوونەوە لە چارەسەر نیشاندا و رایگەیاند، گفتوگۆیەکی زۆرباشی لەگەڵ پووتین هەبووە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "پێموایە پووتین حەز دەکات چارەسەرێک ببینێت. من پێشنیازی ئاگربەستێکی کورتم بۆ کرد و پێموایە رەنگە ئەو کارە بکات و شتێک لەو بارەیەوە رابگەیێنێت، چونکە زۆر خەڵک دەکوژرێن و ئەوە زۆر بێمانایە."
 
ترەمپ رەخنەی لە رووماڵی میدیاکان گرت سەبارەت بە جەنگەکە و گوتی: "من پێموایە ئۆکراینا لە رووی سەربازییەوە تێکشکاون، بەڵام تۆ بە خوێندنەوەی هەواڵە ساختەکان ئەوە نازانیت." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە هەردوو جەنگی ئێران و ئۆکراینا لە خشتەیەکی کاتیی هاوشێوەدا کۆتاییان بێت.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە کێبڕکێی تەکنەلۆژی کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی لە بواری ژیریی دەستکرددا (AI) بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش چینەوەیە.