دوای هەڕەشەکانی ترەمپ؛ راوێژکاری ئەڵمانیا جەخت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی بەسەرکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە بنکەیەکی مەشق و راهێنان، جەختی لە پابەندبوونی بەرلین بە هاوپەیمانیی ناتۆ و هاوبەشییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کردەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کەمکردنەوەی هێزەکانی لە ئەڵمانیا کرد.
لە بنکەی سەربازیی مونستەر، مێرتس بە جلی سەربازییەوە لەگەڵ سەربازەکان دەرکەوت و رایگەیاند: "ئەوەی سوپای ئەڵمانیا لێرە دەیکات بەشدارییەکی گرنگ و ئاشکرایە بۆ ناتۆیەکی بەهێز و یەکگرتوو، کە شانبەشانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان ئەنجامی دەدەین." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا زۆر بەهێزە.
هەڕەشەکانی رۆژی چوارشەممەی ترەمپ بۆ کێشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، دوای ئەو لێدوانەی راوێژکاری ئەڵمانیا دێت کە گوتبووی واشنتن لەلایەن تارانەوە "بەگیرهێنراوە". لەگەڵ ئەوەشدا، مێرتس داوای لە ئێران کرد لەپێناو کۆتاییهێنان بە شەڕ، لەگەڵ ئەمریکا دەست بە دانوستاندن بکات و گوتی: "دەبێت ئێران بێتە سەر مێزی دانوستاندن و واز لە کاتکوشتن بهێنێت."
هاوکات هەر لە رۆژی پێنجشەممە، یۆهان ڤادێفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە سەردانێکیدا بۆ مەغریب رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ ئەگەری کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا "ئامادەیە."
هەروەها گوتی، هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە "لەگەڵ ئێمە و لایەنەکانی دیکەش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، وەک ئەوەی لەنێوان هاوپەیماناندا باوە."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، بیرۆکەی کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا "پەیامێکی نوێ نییە"، گوتیشی پێشتریش سەرۆکەکانی دیکەی ئەمریکا باسیان لەو ئەگەرە کردووە.
لە کاتێکدا ڤادێفوول دەڵێت "بە ئارامییەوە" مامەڵە لەگەڵ بیرۆکەی کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی دەکات، جەختی لەوە کردەوە کە بنکە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا "بە هیچ شێوەیەک جێگەی گفتوگۆ نین".
بۆ نموونە باسی لە بنکەی ئاسمانیی رامشتاین کرد و گوتی "ئەو بنکەیە ئەرکێکی هەیە کە نە بۆ ئەمریکا و نە بۆ ئێمەش، شوێنی پڕناکرێتەوە".