راپۆرتێک: زیاتر لە 800 بەربژێری هەڵبژاردنی سوێد پێشینەی تاوانیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بەدواداچوونێکی رۆژنامەڤانیی نوێ، زیاتر لە 800 بەربژێری پارتە جیاوازەکانی سوێد کە کێبڕکێی گەیشتن بە پەرلەمان دەکەن، لە 10 ساڵی رابردوودا پێشینەی تاوانیان هەبووە، ئەمەش مشتومڕێکی گەورەی دروستکردووە.
لە راپۆرتێکدا کە رۆژنامەی (Dagens ETC)ـی سوێدی بڵاویکردووەتەوە، 806 بەربژێر دەستنیشانکراون کە پێشتر سزای دادگەیان بەسەردا سەپێندراوە. تاوانەکانیش جۆراوجۆرن، لەوانە: دەستدرێژی، تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان و چەندین تاوانی دیکە.
راپۆرتەکە دەریدەخات کە پارتی دیموکراتەکانی سوێد (SD) لە ریزبەندیی یەکەمی پارتەکاندایە کە زۆرترین بەربژێری سزادراوی هەیە و رێژەیان دەگاتە 3.3% (کە دەکاتە 187 کەس). لە دوای ئەویش، پارتی چەپ بە رێژەی 2% لە پلەی دووەمدایە، پاشان پارتی کریستیان دیموکرات بە رێژەی 1.8%، پارتی پارێزگاران بە 1.7% و پارتی لیبراڵەکانیش بە رێژەی 1.6% دێن.
سەبارەت بە پارتەکانی دیکەی وەک سۆسیال دیموکرات، پارتی ژینگە و پارتی نێوەڕاست، رێژەی بەربژێرە سزادراوەکانیان لێک نزیکن و بۆ هەر پارتێکیان رێژەکە 1.1٪ـە.
ئامادەکارانی راپۆرتەکە پشتیان بە پێداچوونەوەی 987 بڕیاری دادگە بەستووە، کە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی سوێد وەرگیراون و بەدواداچوونەکە نزیکەی 50 هەزار بەربژێری هەشت پارتی سەرەکیی وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو داتایانەش، چوار بەربژێر کشانەوەی خۆیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن راگەیاند، کە ئەمەش کاریگەریی راپۆرتە میدیاییەکە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکە نیشان دەدات.
بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتەش لە کاتێکدایە، کە لە نێوخۆی سوێد داواکارییەکان بۆ تووندکردنی پێوەرەکانی دەستنیشانکردنی بەربژێرەکان و شەفافییەتی زیاتری نێو پارتەکان روویان لە زیادبوون کردووە، هەروەها مشتومڕێکی گشتیش لەسەر دەستپاکی سیاسی و مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستە گشتییەکان دروستبووە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوێد لە 13ی ئەیلوولی ئەمساڵ دەکرێت.