لەسەر پرسی ئێران، ترەمپ هێرشێکی نوێ دەکاتە سەر راوێژکاری ئەڵمانیا
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دووبارە رەخنەی لە فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا گرتەوە و گوتی، لەبری "دەستوەردان" لە پرسی ئێران، با سەرنجی لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا بێت.
دووەم هێرشی تووندی ئەم هەفتەیەی ترەمپ بۆ سەر مێرتس، رۆژێک دوای ئەوە دێت کە گوتی، بیر لە دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی بەشێک لەو دەیان هەزار سەربازەی ئەمریکا دەکاتەوە کە لە ئەڵمانیای هاوپەیمانی سەرەکیی ناتۆ جێگیرکراون.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، نووسیویەتی: "پێویستە راوێژکاری ئەڵمانیا کاتی زیاتر تەرخان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا کە تێیدا بەتەواوی دەست و پێ سپی بووە! ، هەروەها بۆ چاککردنەوەی وڵاتە وێرانەکەی، بەتایبەتی لە پرسی کۆچبەران و وزەدا."
هەروەها دەڵێت، پێویستە مێرتس "کاتی کەمتر تەرخان بکات بۆ دەستوەردان لە کاروباری ئەوانەی خەریکی نەهێشتنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێرانن، کە بەو کارەیان جیهان، لەنێویاندا ئەڵمانیاش، دەکەنە شوێنێکی پارێزراوتر!"
وەک دەردەکەوێت ترەمپ زۆر تووڕە بووە بە لێدوانەکانی رۆژی دووشەممەی مێرتس، کە گوتبووی لە دانوستاندنەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە تازە پێی ناوەتە مانگی سێیەمەوە، تاران ئەمریکای "بەگیرهێناوە" و واشنتن نازانێت چۆن لە جەنگەکە بچێتە دەرەوە.
لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا رۆژێک دوای ئەوەش دێن کە بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسەی کرد. بە گوتەی ترەمپ، لە پەیوەندییەکەدا زیاتر سەرنجیان خستووەتە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا، کە هێزەکانی مۆسکۆ لە شوباتی 2022ـەوە هێرشیان کردووەتە سەری.
ماوەیەکی زۆرە ترەمپ دەڵێت دەتوانێت بە خێرایی کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرەوپێشچوونێکی کەمی بەدەستهێناوە.