تێچووی 25 ملیار دۆلاریی جەنگی ئێران بە چ واتایەک دێت؟

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی پێنتاگۆن دوای چەندین هەفتە بێدەنگی لەسەر تێچووی جەنگ دژی ئێران، یەکەمین خەمڵاندنی گشتییان بڵاوکردەوە: تاوەکو ئێستا 25 ملیار دۆلار خەرج کراوە. بەڵام تێچوویەک بەو قەبارەیە لە راستیدا بە چ واتایەک دێت؟
 
بەراورد لەگەڵ جەنگەکانی رابردوو و لەگەڵ کۆی گشتیی بودجەی بەرگری، رەنگە 25 ملیار دۆلار بڕێکی زۆر دەرنەکەوێت. کۆنگرێس ئەمساڵ 839 ملیار دۆلاری وەک بودجەی ئاسایی بە وەزارەتی جەنگ داوە، لەگەڵ 150 ملیار دۆلاری زیادە وەک بەشێک لە پڕۆژەیاسای گەورەی باج و خەرجییە ناوخۆییەکان لە هاوینی رابردوودا. بۆ نموونە، لە ساڵی 2008دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تەنیا یەک ساڵدا 283 ملیار دۆلاری بۆ جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستان خەرج کرد (بەپێی بەهای دۆلاری ئێستا).
 
بڕی 25 ملیار دۆلار هاوتایە لەگەڵ:
 
- بودجەی ساڵانەی ئاژانسی ناسا.
- خەرجیی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئیسرائیل لە دوای 7ـی تشرینی یەکەم.
- خەرجییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا (USAID) پێش هەڵوەشاندنەوەی.
- تێچووی فراوانکردنی پاڵپشتییە داراییەکانی پرۆژەی تەندروستیی (ئۆباماکەیر) بۆ ماوەی یەک ساڵ.
 
رۆژی پێنجشەممە 30-04-2026 رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکی نوێیدا بڵاویکردەوە، بە هەموو پێوەرێک، ئەم ژمارەیە زۆرە. ئەم بڕە لە بودجەی ساڵانەی چەندین ئاژانسی فیدراڵی زیاترە. ئەم تێچووە یەکسانە بە نزیکەی 190 دۆلار بۆ هەر خێزانێکی ئەمریکی. ئەمە بەو واتایە دێت کە تەنیا لە دوو مانگی جەنگدا، پێنتاگۆن زیاتر لە بودجەی ساڵانەی خۆی بۆ تەقەمەنی خەرج کردووە.
 
بێگومان جەنگەکە کە ئێستا لە دۆخی ئاگربەستێکی ناسکدایە، کۆتایی نەهاتووە. تراڤیس شارپ، لێکۆڵەری باڵا لە ناوەندی هەڵسەنگاندنی ستراتیژی و بودجە بە رۆژنامەی تایمزی گوتووە: "روونە کە 25 ملیار دۆلار پسوولەی کۆتایی نییە، هەژمارەکە هێشتا کراوەیە." تەنانەت پێش دەستپێکردنی جەنگەکەش، خەرجییە سەربازییەکان نزیک بوون لە ئاستێکی پێوانەیی.
 
بودجەی بەرگریی ئەمریکا
 
بەپێی داتاکانی پێنتاگۆن، بودجەی بنەڕەتی و بودجەی زیادە لە ساڵی 2001ـەوە بەم شێوەیە بووە:
 
لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2011 گەیشتووەتە لووتکە (نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار بە بەهای ئێستا).
 
لە ساڵی 2026دا، بودجەی پێشنیازکراو دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزترین ئاست کە نزیکەی 900 ملیار بۆ یەک تریلیۆن دۆلارە.
 
تێبینی: ئیدارەی ترەمپ بە کۆنگرێسی راگەیاندووە، پلانی هەیە هەموو ئەو 150 ملیار دۆلارە زیادەیەی پار پەسندکرا، لە ساڵی 2026دا خەرج بکات.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەم ساڵ پێنتاگۆن بە بڕی دۆلاری هەڵاوسان، هێندەی هەر ساڵێک لە 25 ساڵی رابردوو خەرج دەکات، کە جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستانیش دەگرێتەوە. 
 
ئەم مانگە، سەرۆک ترەمپ داوای بودجەیەکی پێوانەیی کرد بە بڕی 1.5 تریلیۆن دۆلار بۆ بودجەی سەربازیی ساڵانە. هەرچەندە دوورە کۆنگرێس ژمارەیەکی وا پەسند بکات، بەڵام داواکارییەکە خاڵە لەپێشینەکانی ترەمپ روون دەکاتەوە، لە کاتێکدا رای گشتیی ئەمریکا دژایەتیی جەنگیان کردووە و خەریکی کێشە ئابوورییەکانی ناوخۆن.
 
بەراوردی جەنگی ئێران لەگەڵ خەرجییە سەربازییەکان
 
- ئۆپەراسیۆن و چاککردنەوە: 342 ملیار دۆلار.
- مووچە و تێچووی کارمەندان: 182 ملیار دۆلار.
- کڕینی چەک و کەرەستە: 174 ملیار دۆلار.
- توێژینەوە و پەرەپێدان: 141 ملیار دۆلار.
- جەنگی ئێران (تەنیا 2 مانگ): 25 ملیار دۆلار.
- وەبەرهێنان لە ئامادەیی کەشتییەکانی هێزی دەریایی: 21 ملیار دۆلار.
- تەقەمەنی: 17 ملیار دۆلار.
- پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی ئێف35: بڕی 13 ملیار دۆلار.
 
لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا، ترەمپ و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ رایانگەیاند، پلانیان هەیە داوای 200 ملیار دۆلاری زیادە لە کۆنگرێس بکەن بۆ بودجەی جەنگ، بەڵام لە دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی کۆنگرێسدا، بەرپرسانی بەرگری داوای پارەی تەرخانکراویان بۆ جەنگەکە نەکرد.
 
ئەو مووشەک و بۆمبانەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهاتوون، لەگەڵ ئەو فڕۆکانەی لە ناوچەکەدا تێکشکاون، پێشتر پارەیان بۆ دراوە. کاتێک بەرپرسانی پێنتاگۆن باس لە تێچووی جەنگ دەکەن، مەبەستیان ئەو پارەیەیە کە پێویستە بۆ "شوێنگرتنەوەی" ئەو چەکانە. جەی هێرست، یاریدەدەری هێگسەس رایگەیاند، تەقەمەنی زۆرترین پشکی تێچووەکەی تاوەکو ئێستا بردووە. تێچووەکانی دیکە بریتین لە: بەڕێوەبردنی بنکەکانی دەرەوەی وڵات، سووتەمەنی و لۆجستیکی جووڵەی کەشتی و فڕۆکەکان و چاککردنەوەی بنکە سەربازییە زیانپێکەوتووەکان.
 
تاوەکو ئێستا جەنگی ئێران هێرشی زەمینیی تێدا نەبووە. ئەو جەنگانەی هێزی زەمینیی زۆریان تێدا بەکاردێت، وەک عێراق و ئەفغانستان، تێچووی زۆر زیاتریان هەبووە.
 
بەراوردی تێچووی جەنگی ئێران لەگەڵ ململانێکانی دیکە:
 
- ساڵی لووتکەی جەنگی عێراق و ئەفغانستان (2008): بڕی 283 ملیار دۆلار.
- پشتیوانی بۆ ئۆکراینا لە جەنگی دژی رووسیا (2022-2024): بڕی 189 ملیار دۆلار.
- هاوکاریی سەربازی بۆ ئیسرائیل دوای 7ـی تشرینی یەکەم (2024-2025): بڕی 27 ملیار دۆلار.
- جەنگی ئێران (2 مانگ): 25 ملیار دۆلار.
- ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە کۆسۆڤۆ (1999): بڕی 5.8 ملیار دۆلار.
 
وەک ترەمپ خۆی ئاماژەی پێکردووە، سەرچاوەکانی حکومەت بێسنوور نین و هەڵمەتە سەربازییەکان کێبڕکێ لەگەڵ خاڵە لەپێشینە ناوخۆییەکان دەکەن. سەرۆکی ئەمریکا ماوەیەک پێش ئێستا گوتی: "ئێمە لە جەنگین، ناتوانین خزمەتگوزاریی دایەنگە (Day care) دابین بکەین."
 
بەراوردی تێچووی جەنگی ئێران لەگەڵ بەرنامە ناوخۆییەکان:
 
- چاودێریی پزیشکی بۆ سەربازە دێرینەکان: 149 ملیار دۆلار.
- وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی: 115 ملیار دۆلار.
- هاوکاریی خۆراک – SNAP: بڕی 106 ملیار دۆلار.
- چاودێریی منداڵ و بەرنامەکانی فێربوونی پێشوەختە: 45 ملیار دۆلار.
- جەنگی ئێران (2 مانگ): 25 ملیار دۆلار.
- ئاژانسی ناسا: 25 ملیار دۆلار.
- خەرجییەکانی USAID پێش هەڵوەشاندنەوەی: 22 ملیار دۆلار.
- نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI): بڕی 11 ملیار دۆلار.
 
تێچووی جەنگی ئێران تاوەکو ئێستا نزیکەی هاوتایە لەگەڵ بودجەی ساڵانەی ناسا، کە تەنیا لەم دواییانەدا چەند کەسێکی بۆ دەوروبەری مانگ ناردووە. هەروەها هاوتایە لەگەڵ تێچووی فراوانکردنی پاڵپشتییەکانی (ئۆباماکەیر) کە پار بووە هۆی داخرانی بەشێکی دامەزراوەکانی حکومەت.
 
بەڵام تێچووی تەواوەتیی جەنگ لە خەمڵاندنەکەی پێنتاگۆندا نییە. بە گوتەی جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا 14 سەرباز گیانیان لەدەستداوە. کاتێک ئەمریکا دەچێتە جەنگەوە، سەربازەکان دووچاری برینی جەستەیی و دەروونی دەبن کە پێویستیان بە چاودێریی درێژخایەن و دەرماڵەی کەمئەندامی هەیە. بەگوێرەی تایمز، پڕۆژەی (تێچووەکانی جەنگ) لە زانکۆی براون خەمڵاندوویەتی، جەنگەکانی دوای 11ـی ئەیلوول 8 تریلیۆن دۆلار لەسەر ئەمریکا دەکەون، کە چوار هێندەی ئەو پارەیەیە کە کۆنگرێس وەک بودجەی زیادە بۆ ئەو ململانێیانە تەرخانی کردبوو.
 
ستێفانی ساڤێڵ، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێ: "تێچووەکانی جەنگ زۆر گەورەترن لەو تێچووانەی پێنتاگۆن باسیان دەکات." چونکە جگە لە تێچووە داراییەکان، تێچووی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی قورسیشیان هەیە.